کوردستانی

دەروازەیەكی نوێی نێودەوڵەتیی دەكرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەروازەیەكی نوێی نێودەوڵەتیی دەكرێتەوە
مەودا میدیا-

بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەروازەیەكی نێودەوڵەتیی لەنێوان خاكی هەرێمی كوردستان و توركیا بكرێتەوە، بەپێی زانیارییەكانیش ساڵێكە بە بەردەوامیی كار لە پرۆژەی دروستكردنی رێگەی سەرەكیی ئەو دەروازەیەدا دەكرێت.


لە راگەیەندراوێكدا، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئایاری 2023 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان وادەی كردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتیی "زێت"ی بڵاوكردەوە و لە نووسراوەكەدا هاتووە "ئەم هەفتەیە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی دەكرێتەوە، ئەوەش دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێگەی سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا".

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەكردووە "لە مەراسیمێكی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، ئەم هەفتەیە بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا كار بۆ ئەوە دەكرێت تێیدا بزاڤی بازرگانیی وەگەڕبخرێت".

هاوكات ئاماژە بەوەكراوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، دوێنێ یەكشەممە 7ی ئایاری 2023 فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی چەند بەرپرسێکی سەربازی سەردانی دەروازەكەیان کردووە و لەلایەن قایمقامی قەزای مێرگەسۆریشەوە، بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لەو دەروازەیە هەڵدراوە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروانمەزن، لە قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan