کوردستانی

قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانیی لە هەولێر كۆبوونەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانیی لە هەولێر كۆبوونەوە
مەودا میدیا-

دوای زیاتر لە حەوت مانگ چەقبەستنی دۆخی هەرێم بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵات، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە جێگری سەرۆكی حكومەت كرد و جەختیان لەسەر چارەسەری كێشەكان كردەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت ئەمڕۆ لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و رایانگەیاند "كۆكبوون لەسەر چارەسەری گشت كێشەكان لەرێگەی گفتوگۆ و هاوكاریی نێوانیان".

سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئایاری 2023 لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "پێشوازیمان لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم كرد و لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێممان کرد و هەردوولا کۆکبووین لە سەر چارەسەری گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وەزارییەکانی ناو کابینە".
 
هاوكات بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم، لەو کۆبوونەوەیەدا تيشك خراوەتە سەر دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لەسەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کراوەتەوە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە، ماوەی حەوت مانگە دۆخی هەرێم ناجێگیرە بەهۆی ململانێ سیاسییەكان و بەوهۆیەوە نەتوانراوە هیچ  بڕیارێكی دروست و یەكلاكەرەوە لەسەر كێشە دارایی و ئیدارییەكانی هەرێم بدرێت

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan