کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ و تیمێكی تایبەت مەترسییە داراییەكانی سەر عیراق و هەرێم تاوتوێدەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی ناوخۆ و تیمێكی تایبەت مەترسییە داراییەكانی سەر عیراق و هەرێم تاوتوێدەكەن
مەودا میدیا-

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی مەترسییە داراییەكانی سەر عیراق و هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە تیمی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.

ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئایاری 2023 وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە تیمی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر".

سەبارەت بەو تیمە تایبەتە ئاماژە بەوەكراوە،  لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و 15 دامەزراوەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و ئەرکی ئەو تیمە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی هەرێمی کوردستانە کە هاوتەریبە لەگەڵ راسپاردەی رێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لە بواری نەهێشتنی دەرفەتەکانی سپیکردنەوەی پارە و بەدواداچوونی ورد و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر.

بەپێی ناوەرۆكی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ "وەزیری ناوخۆ سوپاسی تیمی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە باشیی کارەکان بەڕێوەدەبەن و باسی لە هەوڵەکانی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی رووندا چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر و سەرچاوەکانی داهات و پارەدارکردنی دەکەن و لە بوارەکانی نەهێشتنی دەرفەت بۆ سپیکردنەوەی پارەش هەنگاوی زۆر باش نراون".

هاوكات دەربارەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد تیمی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە کە هەموو هەماهەنگییەک لە گەڵ تیمی فیدراڵیی ئەنجامبدەن و ئەو راسپاردانەی پێویستن لە هەرێمی کوردستان لە دوای گونجاندنیان لەگەڵ تایبەتمەندیی دامەزراوەکان، بە زووترین کات جێبەجێبکرێن. 

لە هەمانكاتدا وەزیری ناوخۆ لەو كۆبوونەوەیەدا باسی لە پڕۆژەیاسای هەرێمی کوردستان کردووە بەمەبەستی ئینفازکردنی یاسای فیدراڵیی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسندکراوە و بەمەبەستی تێپەڕاندنی پرۆژەساكە رەوانەی پارلەمانی کوردستان کراوە.


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan