کوردستانی
یەكێتی مەرجەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان ئاشكرادەكات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەرجەكانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد و رایگەیاند "پێویستە یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە".
لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری مەودا میدیا تێیدا ئامادەبوو، ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئایاری 2023 رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان مەرجەكانی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكراكرد.
سەبارەت بە مەرجەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن رزگار حاجی حەمە وتی "هەمیشە پرسیاری هەمووان لەبارەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانە، ئەمڕۆ دەمانەوێت بۆ سەرجەم راگەیاندن و هێز و لایەنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی روونبكەینەوە بۆچی دەمانەوێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان ناهەقیی زۆری تێدایە بە تایبەتی لە هەندێك سنوور و پارێزگا لە رووی دەنگدەر و دانیشتووان و ژمارەی كورسییەكان، بۆیە بە پێویستیمان زانی ئامارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بخەینەڕوو و جیاوازییەكانیان باسبكەین، لەگەڵ كێشە و گرفتەكانی هەردوو سیستمی فرەبازنەیی و یەك بازنەیی.
هاوكات تایبەت بە لیستی تۆماری دەنگدەران كورسیی پێكهاتەكان ئاماری دانیشتوانی هەرێمی خستەڕوو كە جیاوازیان هەیە بەراورد بەو ئامارەی حكومەتی عیراق خستوویەتییە روو، وتیشی "ئێمە دانوستان دەكەین لەسەر بابەتێك كە مافی هەموو خەڵكی كوردستانە و دەمانەوێت بەرژەوەندیی بۆ سەرجەم دانیشتوانی كوردستان بێت".
باسی لەوەشكرد "جەختدەكەنەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بە شێوازی فرەبازنەیی نەك یەك بازنە، چونكە ئاماری دانیشتوان لە ئێستادا دەبێتە هۆی ئەوەی مافی پێدانی كورسی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كە پێكەوەن كەمتر دەبێت بەرامبەر پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك".
سەبارەت بە كورسی پێكهاتەكانیش ئاماژەی بەوەكرد، وەك فراكسیۆنی یەكێتی پێیانوایە دەبێت هەمواربكرێتەوە، ئەوان وەك یەكێتی نایانەوێت كەمبكرێتەوە بەڵام هاوشێوەی كورسییەكانی دیكە بێت و تەنها ئیمتیازیان لە ژمارەی دەنگەكاندا بدرێتێ.
لەوبارەیەوە لە درێژەی وتەكانیدا روونیكردەوە " لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لاریمان نییە لە كۆی 111 كورسی پەرلەمان 11 كورسیی پێكهاتە هەیە، بەڵام سلێمانی و هەڵەبجە چوار كورسیی ئاسایی بەر پێكهاتەكان دەكەوێت و دەكرێت مافی 112 هەزار دەنگدەری ئەو ناوچانە بدرێتە كۆتاكان بۆ ناوچەیەكی دیكە، بۆیە داوادەكەین بەپێی پێوەرەكانی عیراق كاربكرێت و كورسی كۆتاكان لە شوێنێك نەدرێت بە شوێنێكی دیكە".
ژ.ع
بیروڕا


