کوردستانی

عەلی مەحمود بە كەفالەت ئازاددەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


عەلی مەحمود بە كەفالەت ئازاددەكرێت
مەودا میدیا-

بەپێی دوابڕیاری دادگەی هەولێر، بڕیارە عەلی مەحمود چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و نووسەری بواری جینۆساید بە كەفالەت ئازادبكرێت.

ئەندامێكی یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئایاری 2023 سوپاسی خۆی ئاراستەی هەركەس و لایەنێك كردووە هاوكار بووە لە دۆسیەكەدا و رایگەیاند، "سوپاس بۆ ھەوڵی ھەموو لایەک و بەتایبەتییش پارێزەرە خۆبەخشەکانی، ئەمڕۆ عەلی مەحمود بە بڕیاری دادوەر بە کەفالەت ئازاددەکرێت".

هاوكات ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بۆ دەزگای میدیایی رووداو هەواڵەكەی پشتڕاستكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە "دادوەری دادگەی هەولێر بڕیاری ئازادکردنی عەلی مەحموودی بە کەفالەت داوە و بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێت". 

بڕیاری ئازادكردنی عەلی مەحمود ناسراو بە عەلی سیاسی، پاش دوو هەفتە لە دەستگیركردنی دێت ئەوەش پاش دروستبوونی شەپۆلێكی ناڕەزایەتیی بوو كە لە ئەنجامی دەستگیركردنی ناوبراو بوو.

رێكەوتی 25ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ، هێزێکی ئەمنی عەلی مەحمود، چالاکوانی سیاسیی لە ماڵەكەی خۆیدا دەستگیریكرد، دواتر هێزە ئەمنییەكان دانپێدانانی ئەو چالاكوانەیان بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد "بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارێك كە بە كوشتن تۆمەتبارە دەستگیركراوە".


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan