کوردستانی

روونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە
مەودا میدیا - 
 
 فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت ئەمشەو یاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو پەسەند کرا، فراکسیۆنەکەمان بێدرێغی هەوڵیدا بەشی زۆری شایستە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بچەسپێنێت.
 
 ئەمڕۆ دووشەممە 12ی حوزەیرانی 2023 فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەیامێکی بۆ گەلی خۆڕاگری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند " سەبارەت بە پرسی نەوت و پشکی هەرێم، سەرباری ئەوەی لە گفتوگۆ و رێککەوتنی وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق ئێمە تێدا بەشدار نەبووین، بەڵام پێداگربووین و ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان باشە وەک خەڵک و قەوارە دەستەبەری بکەین دابینکردنی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان و پرۆژەکانی بوژانەوەی پارێزگاکان و ئەو پلە وەزیفیانەی بەر هەرێم و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان کەوتوون خاڵی ئەرێنین و بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە و رێکەوتنەکان کۆتایی بە قەیرانی چەند ساڵەی مووچە دێت ".
 
باسی لەوەشکردووە " گرەنتی بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی داهاتی هەرێم و ئەولەویەت بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان، خاڵێکی گرنگە و بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی سیاسیی پارتی، دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دڵنیایی لە مووچە و گوزەرانی خەڵک هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات، نادادپەروەریی و گەندەڵیی و قووڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکان مەترسی جددیین لەسەر هەرێم، یەکێتی یەکەم هێزی کوردستانی بوو فیدراڵی کردە بەدیلی حوکمی زاتی و لە پەرلەمانی کوردستان سەلماندی و لەدەستوریشدا سەرۆک مام جەلال بە هاوبەشیی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی ئەوکاتەی کوردستان سیستمی فیدراڵی بۆ عیراق چەسپاند".
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو " بۆ ئەم قەوارەیە 24 هەزار شەهیدمان بەخشیوە و دەیان هەزار پێشمەرگە و تێکۆشەرمان بوونەتە قوربانی و خەباتیان بۆکردوە، هیچ هێزێک ناتوانێت موزایدەی نیشتمانپەروەریی بە ئێمە بفرۆشێتەوە".
 
فراکسیۆنی یەکێتی وتوشیەتی "سەبارەت بە پاشکەوتی مووچە، ئێمە لە لیژنەی داریی چەسپانمان بەڵام بەداخەوە بە بڕیاری سیاسیی لابرا، دواتریش لەگەڵ پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ دەقێکی ترمان پێشکەش کرد، خرایە دەنگدانەوە سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند دەنگی پێویستی نەهێناوە، هەرچەندە ئێمە داوا دەکەین پێداچوونەوە بکرێ بە ڤیدیۆی ساتی دەنگدانەکە و راستییەکان ئاشکرا بکرێت لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆرەوە، چونکە سەرباری ئەوەی هەموو پەرلەمانتارانی کورد ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاری تری هاوسۆزمان دەنگیان  بۆدا ".
 
 لە درێگەی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە "بەداخەوە هێزە سەرەکیەکانی عێراق بەشێکیان دژی ئەوەبوون لە پارەی عێراق تەرخان بکرێ بۆ گێرانەوە تەنانەت رازیش نەبوون لە زیادەی نرخی نەوتی فرۆشراو بدرێتەوە، بۆ گواستنەوەی  زیاتر لە ١٥ هەزار مامۆستا و وانەبێژی کەرکوک کە مووجەیان لەسەر هەرێمە بۆسەر عێراق، دژایەتی گەورەی کراو رێگەش نەدرا بخرێتە دەنگدانەوە، لەکۆتاییدا، رایدەگەیەنین لەناو پەرلەمانی عێراق وەک ژمارە و وەک پێکهاتەکەی کورد ئەوە دۆخێتی. جەختدەکەینەوە درێغی ناکەین لە راپەراندنی ئەرکەکانمان لە بەغدا، وەفاداری متمانە و ڕەنج و خۆراگری و قوربانیتان دەبین، یەکێتی ریزەکانی گەلەکەمان ، تەبایی و یەکهەڵوێستی هێزە سیاسیەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان رێگا راستەکەیە بۆ بەهێزی قەوارەی هەرێم و خزمەتکردنی گەلەکەمان".

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan