کوردستانی

پۆلیسی سلێمانی: کەسێکمان دەستگیرکردووە کە 10 ملیۆن دیناری لە کچێک سەندووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆلیسی سلێمانی: کەسێکمان دەستگیرکردووە کە 10 ملیۆن دیناری لە کچێک سەندووە
مەودا میدیا - 
 
 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت مەفرەزەکانمان توانیویانە کەسێک دەستگیربکەن کە بە فێڵ بڕی 10 ملیۆن دیناری لە کچێک سەندووە و دواتر هەڵهاتووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "مەفرەزەکانی نوسینگەی بەکرەجۆ، بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربکەن کە  بە فێڵ بڕێک پارەی لە کچێک سەندبوو ".
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو "دوای وەرگرتنی سکاڵایەک کە لەلایەن باوکی کچەکەوە کراوە، کەسێک بە فێڵ 10 ملیۆن دیناری لە کچەکەی وەرگرتووە و دواتر هەڵهاتووە، دەستبەجێ هێزەکانمان لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد ".
 
باسی لەوەشکردووە "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە تۆمەتبارەکە بۆ شاری کەرکوک هەڵهاتووە و دواتر گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی بەکرەجۆی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیربکرێت ".
 
پۆلیسی سلێمانی وتوشیەتی "ئەو تۆمەتبارە بە ناوی (ئ، ع، ح) لەدایکبووی ساڵی 2001 دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەمادەی 443 لە یاسای سزادان راگیراوە ".

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan