کوردستانی

بایدێمیر بە "كوردستان" توركیا سزادەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بایدێمیر بە "كوردستان" توركیا سزادەدات
مەودا میدیا-

لە بەرژەوەندیی عوسمان بایدێمیر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێكی دەركرد و رایگەیاند "ئازادیی رادەربڕین بەرامبەر بایدێمیر پێشێلكراوە".

ئەمڕۆ سێشەممە 13ی حوزەیرانی 2023 بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی عوسمان بایدێمیر، نوێنەری پێشووی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا دەکرد و رایگەیاند،  لەكاتی دانیشتنی پەرلەمانی توركیا ئازادیی رادەربڕینی پێشێلكراوە".

ئەو بڕیارەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا تایبەت بوو بە ئاماژەدانی بایدێمیر بە ناوی "کوردستان" لەناو پەرلەمانی توركیا، هەر بەو هۆیەشەوە لەلایەن پارلەمانی ئەو وڵاتەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و لەئێستادا یەكێكە لە داواكراوەكان لەلایەن ئەنقەرەوە.

لە بڕیارەكەیدا دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤ لە ئەوروپا بڕی 16 هەزار و 957 یورۆ-ی وەك قەرەبوو بۆ بایدێمیر دیاریكرد، سادێت یوكسێل كە یەكێكە لە دادوەرانی ئەو دۆسییەیە و بە شێوەیەكی گشتیی لە بەرژەوەندیی توركیا بڕیاردەدات، بەڵام لەم دۆسییەیەدا دژایەتیی بڕیارەكەی نەكرد.

بایدەمیر لە داواکارییەکەیدا بۆ دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا ئازادی ڕادەربڕینی کە لە مادەی 10ی پەیماننامەی ئەوروپایی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە، پێشێلکردووە.

پاش بڕیارەكە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر، بە زمانی كوردی بایدێمیر نووسیویەتی  "ئەم بڕیارە لە تێكۆشانی ئازادیی رادەربڕیندا گرنگییەکی مێژوویی هەیە، شكۆمەندیی ئەم سەرکەوتنە دانپێدانانە بە کوردستان و بۆ ملیۆنان كوردە كە كوردستان لە دڵ و خەون و خەیاڵیان بە زیندوویی دەهێڵنەوە".

ساڵی 2017 لەمیانی دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیا، بایدێمیر تایبەت بە پرسی بودجەی وڵاتەكە وتی "وەک رۆڵەیەكی كورد، نوێنەرێک کە لە کوردستانەوە هاتووە، خواستی من ئەوەیە کە ئەم سەقفە سەقفی هاوبەشی تورک و کورد بێت".

دوای ئەو وتەیە، پارلەمانتارەکانی دیکە بەهۆی ئاماژەپێدان بە وشەی کوردستان گرژییان لەناو پەرلەمان دروستكرد و سەرۆکی پەرلەمان لە بایدێمیری پرسی "کوردستان لە کوێیە؟" بایدێمیریش لە وەڵامدا دەستی خستەسەر دڵی و وتی "ئەوەیە، لێرەدایە، كوردستان لێرەدایە".

هاوكات بە شێوەیەكی كاتیی بایدێمیر بەهۆی ناوهێنانی كوردستان لەناو پەرلەمان، لە دانیشتنەكانی پەرلەمان سڕكرا و بڕی 12 هەزار لیرە لە مووچەكەی بڕدرا.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan