کوردستانی

پێنج بڕیاری دادگای فیدراڵیی عیراق دژ بە هەرێمی کوردستان لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێنج بڕیاری دادگای فیدراڵیی عیراق دژ بە هەرێمی کوردستان لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا
مەودا میدیا-

لە ساڵی 2022وە تاوەکو ئەمساڵ کە لە مانگی شەشداین دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق ژمارەیەک بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە کە سەرەکیترینیان بڕیاری ئەوەبوو کە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان نا دەستوورییە و پێویستە ھەڵبوەشێندرێتەوە.

ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵیی عیراق دژ بە هەرێمی کوردستان دەریکردووە خۆی لە پێنج بڕیاردا دەبینێتەوە کە بریتین لە:

1- لە 15ی شوباتی 2023  دادگای فیدراڵیی عیراق بڕیاریدا کە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان نا دەستوورییە و پێویستە ھەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە بڕیاری دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی مادەکانی 110، 111، 112، 115، 121 و 130ی دەستوورە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ئەم بڕیارەیان بە نادەستووری ناوبرد.

2- لە 4ی تشرینی یەکەمی 2022  دادگای فیدراڵیی عیراق لەبارەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاریدا و رایگەیاندبوو "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە".

3- لە 30ی تشرینی دووەمی 2022 دادگای فیدراڵیی عیراق بڕیاریدا بە ھەڵوەشاندنەوەی مادەی 18ی یاسای ھەمواری جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی کە تایبەتە کە ھێنانی ژنی دووەم لە ھەرێمی کوردستان و لەو مادە ھەموارکراوەدا ھاتووە "ئەگەر پیاوێک ژنی دووەمی ھێنا، ئەوە ژنی یەکەمی مافی جیابوونەوەی دەبێت".

4- رۆژی 25ی کانونی دووەمی 2023 دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق بڕیاریدا کە ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە.

5- دوایین بڕیاریش لە 30ی ئایاری 2023 بوو کە دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق بڕیاریدا بە نادەستوورییبوونی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بێت لەماوەی ئەم کاتەدا دادگای فیدراڵی یەک بڕیاری لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان داوە کە بریتی بوو لە بڕیاردان لەبارەی کردنەوەی ھەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی عیراق تایبەت بەدانانی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی دادگاکەدا نییە.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan