کوردستانی
نرخی مریشک گران نەبووە و بە پێچەوانەوە دابەزیوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
سەرۆکی کۆمەڵگەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایدەگەیەنێت نرخی مریشک گران نەبووە و شەوی رابردوو یەک کیلۆ مریشک لە ناو دەواجنەکاندا بە دوو هەزار و 600 دینار فرۆشراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی حوزەیرانی 2023 نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵگەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە مەودا میدیای راگەیاند "نرخی مریشک گران نەبووە و ئەوەی باس دەکرێت دوورە لە راستییەوە، شەوی رابردوو یەک کیلۆ مریشک لەناو دەواجنەکاندا بە دوو هەزار و 600 دینار فرۆشراوە".
باسی لەوەشکردووە "تێچووی یەک کیلۆ مریشک لەسەر دەواجنەکان نزیکەی دوو هەزار و 800 دینار دەکەوێت و بۆیە بە هیچ شێوەیەک مریشک گران نەبووە".
ئەوەشی خستەڕوو "بۆ جەژنی قوربان لەو بڕوایەدانیم کە زۆر گران ببێت و ئەوپەڕی بۆ هەر کیلۆیەک 200 دینار یان هەرزان دەبێت یاخود گرانتر ببێت".
نازم عەبدوڵا وتیشی "بەهۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەک لە %30ی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستانی گرتووەتەوە زەرەرێکی زۆری لە گیرفانی خاوەن پرۆژەکان داوە و ئەو نەخۆشییەش هیچ زەرەرێکی بۆ خواردنی هاوڵاتییان نییە، تاکە زەرەر، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە بۆی هەیە نیوەی جوجک و مریشکەکانیان بمرن".
مریشک فرۆشێکیش بە مەودا میدیای راگەیاند "لەچاو رۆژانی پێشوودا نرخی مریشک دابەزیوە و نزیکەی 150 بۆ 200 دینار دابەزیوە".
ئەو مریشک فرۆشە جەختیشی کردەوە "گەر هاوڵاتییان بیانەوێت مریشک بکڕن ئەوا بە دوو هەزار و 950 دینارە و نرخەکەی دابەزیوە لەچاو چەند رۆژی پێشوودا".
ر.ع
ر.ع
بیروڕا


