کوردستانی

مەرجەكانی توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەرجەكانی توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكرێت
مەودا میدیا-

شارەزایەكی بواری نەوت لە عیراق، هۆكارەكانی شكستهێنانی دانوستانی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا و مەرجەكانی ئەنقەرە بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو پرۆسەیە ئاشكرادەكات.

نەبیل مەرسومی، پسپۆڕ و شارەزا لە بواری نەوت و دارایی عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 20ی حوزەیرانی 2023 لە نووسراوێكدا رایگەیاندووە، دانوستانە سێقۆڵییەكەی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و كەركوك بۆ توركیا لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە شكستیهێناوە؛ ئەوەشی بۆ سێ هۆكار گەڕاندووەتەوە.

لە نووسراوەكەیدا مەرسومی رایگەیاندووە، یەكەمین بابەتی ناكۆك لەنێوان هەرسێ لایەنی عیراق - توركیا - هەرێم ئەوەیە بەغدا رەتیكردووەتەوە باجی گواستنەوەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی جەیهان بدات كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە لە ئەنجامی بڕیارێكی نێودەوڵەتیی و لەسەر داواكاریی عیراق راگیراوە.

لە لایەكی دیكەوە، توركیا داواكاریی هەیە لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی پێویستە عیراق بەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و كەركوك بۆ توركیا لەرێگەی بۆرییەكانی بەندەری جەیهان بیدات.

سێیەمین هۆكار بەپێی نووسراوەكە، ئەنقەرە داوای لە بەغدا كردووە داوا یاساییەكەی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی عیراق بكشێنێتەوە كە پەیوەستە بە غەرامەكردنی توركیا لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022 و لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتیی پاریسەوە بڕیاری لەسەردراوە بەهۆی ئەوەی بێ مۆڵەت و چاودێریی عیراق لە هەرێمەوە نەوت هەناردەكراوە.

ئەو بڕە پارەیەی وەك غەرامە بۆ توركیا دیاریكراوە بریتییە لە 1.471 ملیار دۆلار (یەك ملیار و 271 ملیۆن دۆلار)، ئەو شارەزایەش دەڵێت "لەوانەیە عیراق رەزامەندیی دەرببڕێت بەرامبەر مەرجی سێیەم كە پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی هەیە".

ئەوەش لەكاتێكدایە توركیا دەزانێت عیراق پێویستی بە پارەی زیاتر هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە گەورەیەی لە بودجەی 2023دا هەیەتی و بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم مانگانە نزیكەی ملیارێك دۆلار لەدەستدەدات.

لە بەرامبەردا توركیا پێویستی نەوتی هەرێم هەیە و بەهۆی وەستانی پرۆسەی هەناردەكردنەوە مانگانە نزیكەی دوو ملیار دۆلار لەدەستدەدات، بێجگە لەوەی دەیەوێت ببێتە رێڕەوێكی پارێزراو بۆ بۆرییە نەوتیی و غازییەكان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش ئەنقەرە یەكێكە لە واژۆكارانی "رێڕەوی رێكخستنی وزە".

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan