کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە
مەودا میدیا-

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بەپەلەی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت "48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردووەتەوە".

لەو بڵاوكراوەیەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هاتووە "بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ و بەمەبەستی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاوڵاتییان هەتا لەماوەی ئەو مانگەی ماوە و بۆئەوەی هەتا 21ی تەمموزی 2023 چەکەکانیان تۆماربکەن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48  بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، كردنەوەی ئەو 48 بنكە نوێیە بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین، وێڕای بەردەوامیی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو دێت كە لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی تۆماركردنی چەكی ئاگرین بوون لە هەرێمی كوردستان.

هاوكات لەو راگەیەندراوەدا داوا لە هاوڵاتییان کراوە بە زووترین کات سەردانی یەکێک لەو بنکانە بکەن کە بۆ تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە و چەکەکانیان بێ بەرامبەر تۆماربکەن.

ئەوەش روونكراوەتەوە، لە کاتی تۆمارکردنی چەکدا چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە لە گەڵ فۆرمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆرمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەکهەڵگرتن بکات ئەگەر پێویستی بێت یان دەتوانێت بەو فۆرمە چەکەکەی لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک بفرۆشێت، کە لە ئایندەدا بە چاودێریی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێنەوە.
ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan