کوردستانی

رێكاری تووند دەگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێكاری تووند دەگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون
مەودا میدیا-

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون هۆشداریی دەدات لە ئەگەری سەرپێچیی رێنماییەكان، سزای تووند بەسەر سەرپێچیكاراندا دەسەپێندرێت.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی حوزەیرانی 2023 لە دیوانی وەزارەت  لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی خۆی ئەنجامدا بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و هەڵسەنگاندنی دواین دۆخی بلاوبوونەوەی پەتاكە و گرنتەبەری رێکارە گرنگەکانی پەیوەست بە هۆشیاریی و خۆپارێزیی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا بەتەرخانکردنی بڕی 2،771،582,500 (دوو ملیار و حەوت سەد و حەفتا و یەک ملیۆن و پێنج سەد و هەشتا و دوو هەزار و پێنج سەد دینار)  بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتەکان و رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون، كە بە رشاندنی قەسابخانەکان و دوکانی قەسابخانەکان و لەوەڕگەکانی خاوەنی ئاژەڵەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مێروو و گەنە بەكاردێت.

هاوكات بەپێی راگەیەندراوەكە، رێكاری تووند دەگیرێتەبەر بۆئەوەی بە هیچ شێوەیەک رێگەنەدرێت بە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان و هاوڵاتییان هۆشیاربن لەبەکارنەهێنانی ئاژەڵی سەربڕدراو لە دەرەوەی قەسابخانەکان و بەکارنەهێنانی گۆشتی بێمۆر،  بەپێچەوانەوە  لێپێچینەوەی سەخت گیراوەتەبەر بۆ سەرپێچیکردنی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون.

لەلایەكی دیكەوە بڕیاردراوە هاتووچۆی ئاژەڵ بە شێوەیەک سنووردار بکرێت لە ژێر چاودێریی بەرێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری بێت و لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان هاوشێوەی لیژنەی باڵا تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون دروستکراوە. 

باس لەوەشكراوە قەسابخانەکان کراوەدەبن بە رووی هاوڵاتییان بۆ ئاسانکاریی و پشکنینی ئاژەڵەکان پێش و دوای سەربڕین، بە بەردەوامی لە رۆژانی پێش جەژن و لە رۆژانی جەژن و دوایی جەژن بەهەمانشێوە بۆ دڵینابوون لە تەندروستیی ئاژەڵەکان لە ژێرسایەی شەریعەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، بۆ ئەوەی بە رێگە رێنمایی تەندروستیی و پزیشکانی فێتێرنەری گۆشتی خێر ئامادەبکرێت.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan