راپۆرت
چیرۆكی ئەو كەشتییەی پێنج دەیە لەمەوبەر لە بەسرە دروستكرا هەتا جیهان بگەڕێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ساڵی 1977 كەشتییەك لە بەسرە دروستكرا هەتا جیهان بگەڕێت، دەستی بە گەڕان كرد و چەندین ناوچەی زەریایی گەڕان، بەڵام پێش تەواوكردنی گەشتەكەی سووتێندرا.
كەشتیی دیجلە كە بە (كەشتییە سۆمەرییەكە) ناسرابوو لەلایەن تیمێك كە تۆور هایرداڵ، زانای نەرویجیی سەرپەرشتیی دەكرد لە قامیش و حەیزەرانەكانی شاری قورنەی سەر بە پارێزگای بەسڕە دروستكرا.
ئەو كەشتییە بە سەرپەرشتیی هایرداڵ لە كەناراوەكانی دیجلە و شەتولعەرەبەوە، بەمەبەستی گەڕان بە تەواوی دەریاكانی جیهان دەستی بە گەڕان كرد، ئەوەش بەو هۆكارەی هایرداڵ دەیویست بیردۆزەكەی بسەلمێنیت كە پێی وابوو هیچ سنوورێك بۆ پەیوەندیكردن لەنێوان شارستانییە كۆنەكاندا نەبووە.
تۆور هایرداڵ، دەستپێشخەری ئەم گەشتە بوو، كە لە بنەڕەتدا لە ساڵی 1947ەوە لە پیرۆوە بە كەشتیی "كۆن تیكی" دەستیپێكردبوو، كۆن تیكی لە جیهاندا ناسراوە و گەشتەكەی ئەوكاتەی هایرداڵ و سەرەتای بیرۆكەكەی هەتا كۆتایی گەشتەكە كراوەتە فیلمێكی ناوازە.
هایرداڵ پێیوابوو، بەشێك لە هیندییەكان كە بەرەچەڵەك خەڵكی باشووری ئەمەریكان كۆچیان كردووە بەرەو دوورگەكانی پۆلینیزیا و بڵاوبوونەتەوە و ناوچەكانی زەریای هیندییان داگیركردووە.
كەشتییەكەی بەسڕە
پرۆسەی دروستكردنی كەشتییەكە چەند مانگێكی پێچوو، پاشان لە بەسرەوە بەرەو دەریاكانی كەنداوی عەرەبی كەوتەڕێ، لە گەرووی هورمز بەرەو زەریاكانی عەرەب رۆیشت و دواتر كاراچی و پاشان گەڕایەوە بۆ رۆژئاوا لە زەریای هیندی، هەتا لە كەناراوی جیبووتی جێگیر بوو، لە جیبووتی پاش 143 رۆژ لە گەشت و 6 هەزار و 800 كیلۆمەتر گەڕان لە دەریا پێش ئەوەی گەشتەكەی تەواو بكات ئاگری لە كەشتییەكە بەردا.
كەشتییەكە لەلایەن پێنج باشترین بنیادنەری بەلەم و كەشتیی بە قامیش و حەیزەران دروستكرا، درێژییە كەشتییەكە 18 مەتر بوو و یەكێك بوو لە كەشتییە خەیاڵییەكانی سەردەمی خۆی، دوای تەواوبوونیشی بە شێوەیەكی فەرمیی لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە ماڵئاوایی لێكرا.
هایرداڵ دەیویست بەردەوامیی بدات بە گەشتە دەریاییەكەی لە دەریای سوورەوە بەرەو میسڕ، لەوێشەوە بەرەو ئەسیوپیا، بەڵام ئەو ناوچانە و ناوچەكانی ئێریتێریا و سۆماڵ لەلایەك، ناوچەكانی كەنداو و یەمەنیش لەلایەكی دیكەوە لە جەنگی نێوخۆییدا بوون، بەهۆی بەردەوامیی جەنگی سارد لەنێوان یەكێتی سۆڤییەتی جاران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
هێزەكانی ئەو ناوچانە فەرمانیان پێكرابوو رێگربن لە تێپەڕبوونی كەشتییە سۆمەرییەكە لە دەروازەی باب المندب بەرەو دەریای سوور، ئاراستەی با بووە هۆی سەختبوونی گواستنەوە و جووڵەی كەشتییە لە قامیش و حەیزەران دروستكراوەكە، بەو هۆیەوە بەرەو دوورگەی سەقتەری لە باشووری یەمەن بەڕێكەوت بەڵام هێزی سەربازیی سۆڤییەت لەوێ بوون، سەرەنجام هیچ رێگەیەكیان لەبەردەمدا نەما بێجگە لە رۆیشتن بۆ كەناراوەكانی جیبوتی كە وڵاتێكی نوێ بنیادنراوبوو.
كۆتایی گەشتەكە
لەبەردەم بڕیارێكی سەختدا، لە نێوەندی كەشتییە مەزنەكانی سوپا دەریاییەكان و هێزە سەربازییەكانیان، دوای پێنج مانگ بێ بچڕان لە گەڕان بە دەریادا، بەرامبەر جەنگی بەردەوام لە ناوچەكەدا و دژ بە پێكدادانەكان، هایرداڵ بە راوێژ لەگەڵ تاقمەكەی وەك مانگرتن لەو دۆخە لە 3ی نیسانی 1978 لە كەناراوەكانی جیبووتی لەبەردەم چاوی كامێراكانی جیهان ئاگری لە كەشتییەكەی بەردا.
لە نامەیەكیشیدا سەبارەت بەو بابەتە هایرداڵ دەڵێت " سەلماندمان دانیشتوانی كۆنی رووبارەكانی دیجلە و فورات و هیند و میسر 5 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا شارستانییەتەكانیان بە پەیوەندی بەستن لەگەڵ یەكدی بنیادناوە لەرێگەی گەڕان بە بەلەم و كەشتی".
بەڵام چەند ساڵێك دواتر، لەرێگەی پشكنینە پێشكەوتووەكانی دی ئێن ئەی، ئەو بیردۆزەی هایرداڵ هەیبوو پشتڕاستنەكرایەوە و نەسەلمێندرا.
شادان ع.ع