کوردستانی

زانیاریی زیاتر لەبارەی دۆسییەی كوشتنی گەنجەكەی چەمچەماڵ رادەگەیەندرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاریی زیاتر لەبارەی دۆسییەی كوشتنی گەنجەكەی چەمچەماڵ رادەگەیەندرێت
مەودا میدیا-

قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت "بكوژی گەنجەكەی چەمچەماڵ ناسراوە و شوێنی نیشتەجێبوونی ئاشكرایە، بەڵام هەتا ئێستا دەستگیرنەكراوە"، وتیشی كەسوكاری كوژراو نایانەوێت لە ئاسایش سكاڵا تۆماربكەن.

ئەمڕۆ هەینی رەمک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ لە لێدوانێكدا تایبەت بە دۆسییەی كوژرانی گەنجەكەی چەمچەماڵ رایگەیاند "ئەو كەسەی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە دەستڕێژی گوللـەی لە گەنجێك كرد بەناوی خواناس وریا،  دەزانرێت كێیە و شوێنی نیشتەجێبوونیشی ئاشكرایە، بەڵام هەتا ئێستا دەستگیرنەکراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش چوونەتە ماڵی بكوژەكە، بەڵام بكوژ هەڵهاتووە و خۆی حەشارداوە، بەوهۆیەوە هەتا ئێستا دەستگیرنەكراوە و لێكۆڵینەوە و بەدواداگەڕانەكان بەردەوامییان هەیە.

قائیمقامی چەمچەماڵ زیاتر لەبارەی هۆكاری رووداوەكە دوا و وتی"هەستدەکەین بابەتەکە سیاسی بێت، بەڵام ماڵی باوکی کوژراو لە ئاسایش سکاڵایان تۆمارنەكردووە و تەنها لە پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردوە، کارە یاساییەكانیش ئەنجامدراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە".

رەمك رەمەزان روونیشیكردووەتەوە، شێوازی کوشتنەکە پلان بۆداڕێژراو و بەمەبەست بووە و بکوژەکەش هاوڕێی كوژراو بووە، لە رێگەی مام و باوک و کەسوکاری بكوژەوە هەوڵمانداوە رادەستبکرێت و شوێنەکەی بدۆزینەوە "بەڵام هەتا ئێستا ئەوەیان ماوە".

سەبارەت بە دەنگۆكانی هۆكاری كوشتنی خواناس وریا قائیمقامی چەمچەماڵ وتیشی "ئەو گەنجە لەسەر فکرە و بابەتی ئایدۆلۆژیای جیاواز بوە، ئازادیی پێوەدیاربووە و بۆچوونی جیاوازی هەبووە، بە جۆرێک بەشێوازێکی مۆدێرنانە قسەی کردووە و رەخنەی لەئاینی ئیسلام گرتووە، ئەوەش پێچەوانەی بۆچوونی بکوژکەی بووە".

دەشڵێت، داوامان لە باوکی کوژراوەکە کردووە ئەگەر مەبەستییەتی وەک لایەنی سیاسی دۆسییەکەی وەربگیرێت لە ئاسایش سکاڵا تۆماربکات، بەڵام باوکی هاوکارنەبووە وتوویەتی  من تەنها لە لای پۆلیس سکاڵا تۆماردەکەم".

بەپێی زانیارییەكان بكوژی گەنجەكەی چەمچەماڵ لەگەڵ كوژراو یەكدییان ناسیوە، پیشەی پێشمەرگە بووە و هاوتەمەنی كوژراو بووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار هۆكاری كوژرانەكە و زانیاریی وردی لەبارەی بكوژەكەوە رانەگەیاندووە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan