کوردستانی
شۆفێرانی تاکسی ئاگاداردەکرێنەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وهزارهتى ناوخۆى حكومهتى ههرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو شۆفێری تاکسییانە دەکاتەوە کە لۆگۆیان نەکردووە و دەڵێت "لهلایهن هاتوچۆوه بهبڕى 40 ههزار دینار سزا دەدرێن".
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانی وزاری ژمارە (3018/ ك) لە25ى 1ى 2023 ئاسانکاریی کرد تا ئەو کارمەندانەی کەرتی گشتی (مەدەنی و سەربازی) کە مووچەکانیان لەیەک ملیۆن دینار کەمترە بتوانن بەشێوەی یاسایی لەدوای دەوامی فەرمی شوفێری تاکسی بکەن و ببنە خاوەن لۆگۆی تاکسی، هەفتەی داهاتوو لەپێناوی تەواوکردنی پرۆسەی لۆگۆی تاکسی کە بەپێی فەرمانی سەرەوە حەوت مانگ دەرفەت دراو و رێگە درا تا 15ی تەموزی 2023، ئەوانەی لۆگۆیان نەکردووە یان لێیان کردۆتەوە، لۆگۆ بکەن، رێنماییەکی گرنگ دەردەچێت.
بەپێی ئەو رێنماییەی وەزارەتی ناوخۆ، کە هەفتەی داهاتوو بڵاو دەکرێتەوە، پێویستە:
1. هەموو تاکسییەک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تا 15ی تەموزی 2023 مامەڵەی لۆگۆی تاکسییان تەواو کردبێت و لۆگۆیان لە تاکسیەکانیان دابێت.
2. (3) کارتی زانیاری داواکراویان لە ناو تاکسییەکانیان بە گوێرەی رێنمایی تایبەتمەند کە لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە بۆیان دروست دەکرێت، هەڵواسیبێت.
3. بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو بەروارە دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆ کە لە کاتی بینینی تاکسی بێ لۆگۆ ڕاستەوخۆ سزای دارایی بۆ بنووسێت (بەبڕی 40 هەزار دینار) و بەسیستم بۆی رەوانە بکرێت.
4. هەر شوفێرێکی تاکسی لە ماوەی مانگێک بڕی ئەو سزایەی دەکەوێتە سەری بە هۆی تەواونەکردنی لۆگۆوە یان سەرپێچیکردن بە دەستکاریکردنی لۆگۆ و کارتی زانیاری تاکسییەکە، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی تایبەتمەند یەکلا نەکاتەوە، سزاکەی دەبێتە دوو بەرانبەر.
5. هەروەها بە گوێرەی ڕێنماییەکە، تاکسی ناوشار ناتوانێت لە هێلەکانی دەرەوەی شار کار بکات و تەکسی هێلەکانیش ناتوانن لەناوشار کاربکەن.
ئاماژە بەوەکراوە "بۆیە ئاگاداری هەموو شوفێرانی تاکسی دەکەینەوە کە سوود لەو ماوەی ماوە ( کە کەمترە لە دوو مانگ) وەربگرن و بەزوترینکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی شارەکەتان بکەن بۆ تەواوکردنی لۆگۆی تاکسی، تا لە سزای دارایی و لێپرسینەوە خۆتان بپارێزن".
پرۆژەی لۆگۆی تاکسی، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانج لێی ئامادەکردنی کەشێکی ئارامە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە رۆژانە تاکسی بەکار دەێنن بۆ گەیشتن بە شوێنی کاریان یان چوونە بازار و شوێنی دیکە.
س،ر
س،ر
بیروڕا


