کوردستانی

پێشبینییەکی چاوەڕواننەکراو بۆ کەشوهەوا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێشبینییەکی چاوەڕواننەکراو بۆ کەشوهەوا دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

پسپۆرێکی کەشناسی رایدەگەیەنێت وەرزی دابارینی ساڵی 2023 - 2024 زۆترین لافاو دەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات ئەمساڵ وەرزی دابارین پێشدەکەوێت.

شاڵاو هیدایەت، پسپۆڕی کەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند "وەرزی دابارینی ساڵی 2023 - 2024 زۆترین لافاو دەبێت لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بە پلەی یەکەم لە هەریەک لە ناوچەکانی سنووری گەرمیان و پارێزگا و ناوچەکانی کەرکوک و هەولێر و سنووری مەخمور و دەشتی کۆیە و تەقتەق دواتر هەریەک لە پارێزگا و ناوچەکانی دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە بەپلەی دووەم دێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئامادەکاری زۆر جدی بکەن هەر لەئێستاوە، ئێل نینۆی وەرزی دابارینی داهاتووی 2023 - 2024 تووندتر و بەهێزتر دەبێت لە هەردوو ئێل نینۆی وەرزی دابارینی 2015 - 2016 و 2018 - 2019، چونکە گۆی زەوی بەرەو گەرم بوونتر چووە بەهۆی زیادبوونی گازه گەرم و پیسەکەرەکان لە تەواوی پانتایی ئاوەکانی رۆژهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن پلەکانی گەرما چووەتە سەرووی ئاستی ئاسایی بە رێژەی زۆر و تادێت ئاوی ناوچەکانی نینۆ گەرمتر دەبێت، پێشبینی دەکرێت دیاردەی ئێل نینۆلەم مانگەوە تا مانگی نۆ بەڕێژەی %90 بۆ %95 یان زیاتر باڵادەست بێت دواتر لەناو وەرزی داباریندا بگاتە ئاستی سۆپەر و زۆر بەهێز، ئەمەش کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ناوچەکانمان دەبێتە رەخساندنی ساڵێکی تەواو سەخت".

ئەو پسپۆڕەی کەشناسی وتی "لە هەر سێ وەرزی دابارینی داهاتوو پایز و زستان و بەهار بڕێکی زۆر باران دەبارێت و بەشێکی مانگەکان باران زۆر لەسەرووی ئاستی ئاسایی دەبێت و تێکڕای بارانی هەر سێ وەرز و ساڵانەش زۆر دەچێتە سەرووی ئاستی ئاسایی، ئەمەش مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو چەندجار زیاتر دەکات".

وتیشی "لە لایەکی دیکەشەوە زۆربەی بارانەکان بەخوڕدەبن، چونکە حاڵەتەکان زیاتر ناسەقامگیری کەشوهەوا دەبن، هەروەها تەرزەش لە ساڵانی پێشتر زیاتر دەبێت مەترسی تەرزەی قەبارە گەورەش هەیە، بەپێی لێکدانەوەمان بۆ دیاردەکان و شیکاری وردمان بۆ رەگەزەکانی کەشوهەوا بەفر و سەرماش زیاتر دەبن، هەروەها وەرزی دابارینی داهاتوو لە مانگی نۆوە دەستپێدەکاتەوە و بارانی پەڵە بە گشتی و بەزۆری دەکەوێتە مانگی 10وە و پێشدەکەوێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan