کوردستانی

راپۆرتێكی نێودەوڵەتی: جیهان باجی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


راپۆرتێكی نێودەوڵەتی: جیهان باجی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەدات
مەودا میدیا-

راپۆرتێكی تایبەت بە دۆسییەی هەناردەی نەوتی هەرێم، سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی بەهەمەكە دەڵێت "تەواوی جیهان باجی ئەو هەنگاوە دەدات"، دەشڵێت توركیا پلانی جیاوازی هەیە بۆ ئەو بابەتە.

تۆڕی هەواڵیی بلومبێرگ تایبەت بە باسە ئابوورییەكان رایگەیاند، بازاڕی نەوتی جیهانی و بەتایبەتی ئەوروپی باجی سەرکەوتنی بەغدا دەدات لە دۆسییەی نۆ ساڵ لەمەوبەر لەدژی دەسەڵاتدارانی تورکیا.

لە راپۆرتێكدا ئەو ماڵپەڕە جیهانییە ئاماژەی بەوەكردووە "تەواوی جیهان باجی ئەو بڕیارە دەدات كە لە مانگی ئازاری رابردوو تایبەت بە سكاڵایەكی بەغدا دژ بە توركیا درا و تێیدا بووە رێگر لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ ئەنقەرە لە بەندەری جەیهان".

جەختیش لەسەر ئەوە كراوەتەوە تورکیا ماوەی 109 رۆژە بڕیاریداوە هەناردەکردنی نەوت رابگرێت و تا ئێستاش هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ توركیا دەستیپێنەكردووەتەوە.

ئەوەش هاتووە، راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم کاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان بەجێهێشتووە و دەسەڵاتدارانی عیراق ناتوانن تورکیا رازیبکەن جارێکی دیکە پرۆسەی هەناردەكردنی ئەو بەرهەمە دەستپێبكاتەوە.

راپۆرتەكە روونیشیكردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی عیراق ناتوانێت ئەو بۆرییە نەوتییە چاكبكاتەوە کە نەوت لە هەرێمەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری بەسرە، ناچاربووە بەتەواوی پشت بە بەندەری جەیهانی تورکیا ببەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت.

دەشڵێت "هەرچەندە حکومەتی بەغدا لەگەڵ هەولێر گەیشتە رێکكەوتنێکی تایبەت بە نەوت، بەڵام ئەنقەرە سوود لە ناچاریی عیراق بۆ بەندەری جەیهان وەردەگرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی".

ئەوەش لەكاتێكدایە وێڕای كۆبوونەوەكان لەنێوان عیراق و توركیا تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەتا ئێستا نەكەوتوونە رێككەوتن و ئەوەش بەپێی سەرچاوە هەواڵییە ئابوورییەكان زیانێكی زۆری بە هەردوو لای رێككەوتنەكە گەیاندووە.


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan