کوردستانی

بە 200 ملیۆن دینار قەڵای هەولێر نۆژەندەكرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بە 200 ملیۆن دینار قەڵای هەولێر نۆژەندەكرێتەوە
مەودا میدیا-

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، رەزامەندیی درا لەسەر خەرجکردنی 200 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر.

ئەمشەو هەینی 14ی تەمموزی 2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاویكردەوە، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر رەزامەندیی درا بە خەرجکردنی بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پێداویستیی و نۆژەنکردنەوەی قه‌ڵاى هه‌ولێر، کە یه‌كێكه‌ له‌ پێگه‌ شارستانییه‌ به‌رچاوه‌كان و خاوه‌نى شێواز و ته‌لارسازىی و كاره‌كته‌رێكى بیناسازیی گرنگه‌ و به‌ درێژایی 6000  ساڵ شوێنى نیشته‌جێبوون بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، جگە لەو بودجە دیاریکراوەش لەئێستادا دوای ژێرخاککردنی کارەبای قەڵات لەپێناو جوانتر نیشاندانی سیمای جوانی قەڵا و ئەو شوێنەوارە مەزنە کە مایەی شانازی گەلەکەمانە، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەى شەقامى سەرەکیی نێو قەڵا و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لە سەر قەڵای هەولێر چەندین رێستۆرانت و چێشتخانە و کافێ بکرێتەوە و ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاریی نێو سەنتەری شاری هەولێر.

باسی لەوەشكردووە، ئەو رێستۆرانت و كافێیانە دەكرێنەوە هەتا رۆژانە و بەتایبەت لەكاتی بۆنە و ئاهەنگەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران و هاوڵاتییان رووی لێبكەن.

قەڵای هەولێر بازنەیی رووتەختە، رووبەری  102 هەزار و 190 مەتر دووجایە و کەوتووەتە ناوەڕاستی شاری هەولێر، 415 مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە و 26مەتر و 25سانتیمەتر لە ئاستی رووی شاری هەولێر بەزرترە، كە لە بەرزترین شوێنی دەگاتە نزیكەی 30مەتر.

ژ.ع


Qaiwan
Qaiwan