کوردستانی

تەرمی منداڵێک لە شاخ دۆزرایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


تەرمی منداڵێک لە شاخ دۆزرایەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد تەرمی منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵانی بە رەگەز سوری لە نزیک شاخی هەنجیرە دۆزراوەتەوە کە لەلایەن کەسێکەوە کوژراوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە مەودا میدیای راگەیاند "دوێنێ شەممە 15ی تەموزی 2023 هاوڵاتییەکی بە رەگەز سوری سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینی کرد و سکاڵای تۆمارکرد لە دژی کەسێکی نەناسراو لەسەر ئەوەی کە بە فێڵی شتکڕین کوڕە هەشت ساڵانەکەی لە ماڵ بردووەتە دەرەوە، دواتر نەگەڕاوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری یاسایی گیرایەبەر".

ئاماژەی بەوەشکرد "دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت، تۆمەتبارەکە دۆزرایەوە و دەستگیرکرا کە لە رەگەزی نێر و تەمەنی 21 ساڵ دانیشتووی قەزای رانیەیە، بەگوێرەی زانیارییەکان تۆمەتبارەکە لە رووی دەروونییەوە ناجێگیرە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانیناوە بە تاوانەکەی، بە وتەی تۆمەتبار، بەفێڵی شت کڕین، منداڵە هەشت ساڵانەکە کە بە رەگەز سورییە بردووە بۆ شاخ لە نزیک شاخی هەنجیرە، دوای ئەوەی منداڵەکەی بە چەقۆ کوشتووە".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین وتی "بۆ ئەو مەبەستە هێزێکی هاوبەش لە پۆلیسی راپەڕین کە پێکهاتبوون لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە (نەژدە) و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین (مکافحە) و بنکەی پۆلیسی کێوەڕەش و بەشی بەڵگەکانی تاوانی راپەڕین چوون بۆ شاخ بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕە هەشت ساڵانەکە، شەوی رابردوو لەلایەن هێزە هاوبەشەکەی پۆلیس،  تەرمی منداڵەکە لە شاخ دۆزرایەوە و لە هەمان شوێن ئامێرێکی تیغ لە جۆری مشار دۆزرایەوە، تەرمی منداڵەکەش گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری رانیە بۆ پشکنین، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan