کوردستانی

شارەزایانی هاتوچۆ دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بە باش دەزانن

مەودا میدیا - سلێمانی |


شارەزایانی هاتوچۆ دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بە باش دەزانن
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

شارەزایەکی بواری هاتوچۆ رایدەگەیەنێت دانانی کامێرای  خاڵ بۆ خاڵ کە ناسراوە بە (پۆینت تو پۆینت) هۆکارێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.

حازم محەمەد، شارەزای بواری هاتوچۆ بە مەودا میدیای راگەیاند "لە دوای زۆری رووداوەكانی هاتوچۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کە ناسراوە بە (پۆینت تو پۆینت) لە شەقامە گشتییەکان دابنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "دانانی ئەو کامێرایانە کارێکی باشە، چونکە هەر شەقامێک خێرایی دیاریکراوی بۆ دانراوە، بەڵام شۆفێران پابەندنین بەو خێراییە دیارییکراوەوە، بۆیە هەبوونی ئەم کامێرایانە وادەکات شۆفێر پابەندبێت بە خێرایی دیاریکراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ".

حازم محەمەد وتی "من وەكو شارەزای بواری هاتوچۆ زۆر بە باشی دەزانم کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابنرێت لە شەقامە سەرەکییەکان، چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی رابردوو بە سەدان کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە یاخود بوونەتە خاوەن پێداویستیی تایبەت، بۆیە هەر شتیك ببێتە هۆی كەمكردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ بە باشی دەزانم".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بڕیاریدا بە دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت لە شەقامە گشتییەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، هەرچەند ئەمە ناڕەزایەتی شۆفێرانی لێکەوتەوە، بەڵام لەئێستادا لە شەقامەکانی هەولێر و رێگەی سلێمانی - دوکان کار بەم کامێرایانە دەکرێت.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan