کوردستانی
هەزاران تۆن گەنم لە کوردستان نەخراوەتە نێو سایلۆکانەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت هەزاران تۆن گەنم لە کوردستان ماوەتەوە و جوتیارەکان نەیانتوانیوە رادەستی سایلۆکانی بکەن، نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران نەیانتوانیوە مافی جوتیارە کوردەکان وەک جوتیارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق وەربگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی تەموزی 2023 کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "جوتیارە کوردەکان رێژەیەکی کەم گەنمیان لێوەرگیراوە و نوێنەرانی کورد لە بەغدا نەیان توانیوە مافی جوتیارەکانمان وەک جوتیارێکی بەڕەگەز عەرەب وەربگرن".
باسی لەوەشکرد "جوتیارانی کورد گەر 100 تۆن گەنمیان هەبووایە ئەوە تەنیا نزیکەی 20 تۆنیان لێوەرگرتوون ئەویش ئەگەر ناویان تۆمارکرابێت لە بنکە کشتوکاڵییەکان".
ئەوەشی خستوڕوو "جوتیارەکانمان لە ئێستادا نازانن چی لەو گەنمە بکەن و نرخەکەی لە بازاڕدا زۆر دابەزیوە و لەنێوان 700 دینار تاوەکو 650 دینار، بەپێی ئەو نمرەیەی گەنمەکە هەیەتی لەڕووی کوالێتییەوە".
کاسترۆ مەعروف وتیشی "جوتیارە کوردەکان زۆر زەرەرمەندبوون و ئەوەی ئەمساڵ ئەنجامدرا لەگۆڕنانی کەرتی کشتوکاڵبوو لە هەرێمی کوردستان".
جەختیشی کردووەتەوە "حکومەت هیچ هاوکارییەکی جوتیاری نەکردووە وەک پێدانی پەین یاخود گاز و کەرەستەی دیکە، بۆیە لەئێستادا جوتیاران سەریان لێشێواوە و زەرەرێکی زۆریان کردووە ".
بیروڕا


