کوردستانی

شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بڕیارە سبەینێ یەکشەممە شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بودجەوە بکرێت، ئەندامێکی پەرلەمانی عیراقیش لەوبارەیەوە دەڵێت "هەموو هەنگاوێک بە نیازپاکییەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نراوە و چاوەڕوانی عیراقین".
 
ئەمڕۆ 22ی تەموزی 2023 جوتیار عادل، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "سبەینێ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی بودجە و مووچەوە سەردانی بەغدا دەکات".
 
 سەبارەت بە مەبەستی سەردانەکە دارا حەمە ئەحمەد، پەرلەمانتاری عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەم سەردانانەوە رێککەوتن بکرێت و پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم وەک پێویست بدرێت".
 
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عیراق جەختیش کردەوە "هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە و زامنی هەموو شتێک بریتییە لەو رێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدادایە، هەرێمی کوردستانیش نیازپاکانە هەموو هەنگاوێکی ئەرێنی داوە بۆ رێککەوتنەکان".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو جارێکی دیکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عیراق کۆبوونەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بەزۆرینەی دەنگ لە رۆژی 12ی حوزەیرانی 2023 پرۆژە یاسای بودجەیان پەسند کرد و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی عیراق بڵاوکرایەوە.

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan