کوردستانی

دوایین بڕیار چییە بۆ پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوایین بڕیار چییە بۆ پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان رایدەگەیەنێت بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان هەڵپەسێردراوە، ئاماژە بەوەشدەکات لە هەوڵدان ژمارەی هەڵەبجە بدرێت بەو ئۆتۆمبێلانە و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەکەن.

سوارە عومەر کەریم، نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوو لە 13ی حوزەیرانی 2023 بۆ ماوەی 10 رۆژ بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێکرا، دواتر بڕیارەکە هەڵپەسێردرا و لەئێستادا هاتوچۆکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە هیچ کێشەیەکی نییە لە ناوشار و بازگەکان، بەڵام بە مەرجێک هیچ سەرپێچییەکیان ئەنجام نەدابێت".

لەبارەی ئەوەی بڕیاری کۆتایی چییە بۆ پێدانی ژمارە و تۆمارکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە سوارە عومەر کەریم وتی "ئێمە لە سەرجەم شارەکان هەوڵمان داوە کە ئەم ئۆتۆمبێلانە تۆماربکرێن و چاوەڕێی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین کە بڕیار بدات و پێمان وتراوە کە لە وەزارەت لیژنە پێکهێنراوە و لەگەڵ بەڕێوەبەری هاتوچۆکان کۆبوونەوە کراوە و بە وەزارەتی ناوخۆ وتراوە وەرگرتنەوەی ئەم ئۆتۆمبێلانە چارەسەر نییە، بەڵکو دەکرێت بە پێدانی ژمارە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت".

وتیشی "لەئێستادا لەسەروبەندی ئەوەین کە ژمارەی پارێزگای هەڵەبجە بدرێت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان دراوە هیچ ناڕەزاییەتییەک نییە لەسەر ئەم کارە، تەنها وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ماوە بڕیاربدات کە ژمارەی هەڵەبجە بدرێت بەم ئۆتۆمبێلانە، چونکە ژمارەکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان چارەسەرێك دەبێت بۆ بەشێک لە کێشە ئەمنی و کۆمەڵایەتی و هاتوچۆ و داراییەکانیش".

ئەوەشی خستەڕوو "هاوڵاتییان خواستییان لەسەر ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان زۆرە، چونکە هەم نرخەکانیان باشە و هەمیش جۆرەکەنیان، بەڵام هەندێک کات بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لەسەر ئەم ئۆتۆمبێلانە کاریگەری لەسەر بازاڕی دەبێت و خەڵک کەمتر مامەڵەی پێوەدەکات".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan