کوردستانی
کەی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێم دەنێردرێت؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
ئەندامێکی لیژنەی سوتەمەنیی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عیراق دەکەین لەم چەند رۆژەی داهاتوودا و دوای ئەو وادەیە سووتەمەنییەکانی وەک بەنزین و گاز و نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی عیراق لە هەرێمی کوردستانیش بەردەستدەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی تەموزی 2023 کەریم عەلی، ئەندامی لیژنەی سوتەمەنیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عیراقین و رێنمایی دارایی لە وەزارەتی دارایی عیراقەوە دەردەچێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاساکە، دواتر بڕگەکان دەچێتە بواری ێبەجێکردنەوە و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاودەکرێتەوە".
باسی لەوەشکردووە "ئێمەش وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چاوەڕوانین لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عیراق بەشی کوردستانیش لە جۆرەکانی سووتەمەنیی وەک بەنزین و گاز و نەوت بنێردرێت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی عیراق".
ئەوەشی روونکردووەتەوە "لە ئەگەری نەناردنی سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوێستمان دەبێت، ئەرکی نوێنەرانی کوردیشە لە پەرلەمانی عیراق شەڕ بۆ ئەو مافەی هاوڵاتییانی هەرێم بکەن".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی "گەر عیراق پشکی هەرێم لە سووتەمەنی بنێرێت بە نرخی پاڵپشتیکراو ئەوا نرخی لیترێک بەنزین دەبێتە 450 دینار و لیترێک گاز بە 400 دینار و لیترێک نەوتیش بە 150 دینار".
بیروڕا


