گێتی

ئەنجامنامەی کۆنفرانسی 100 ساڵەی لۆزان راگەیەندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجامنامەی کۆنفرانسی 100 ساڵەی لۆزان راگەیەندرا
مەودا میدیا- جیهاد هەورامی

لە رۆژانی 24/23/22ی حوزەیرانی 2023 لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بە بەشداری پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیست و یاساناس و روناکبیر و کەسایەتی، نوێنەری پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان، کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان بەسترا لەو جێگایەی بەر لە 100 ساڵ بڕیاری ئینکارکردنی گەلی کورد و مافەکانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی شومی لۆزان درا.

کۆنفرانس بە چڕوپڕی لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان تاوتوێ کراو لە ھەموو رووەکانەوە لێکدانەوە بۆ لێکەوتە خراپەکانی کرا, کۆنفراس پێشنیارو راسپاردەکانی بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی گەڵاڵە کرد بە جۆرێک لەگەڵ ھەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەی و نێودەوڵەتیدا بگونجێت و پۆڵێنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان کرا.

کۆنفراس خەباتی گەلی کوردستان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی لۆزان بە رەوازانی، کۆنفرانس داوا  لەو وڵاتانە دەکات کە واژۆیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان کردوە کە پشتگیری گەلی کوردستان بکەن و ھاوکار بن لە چارەسەر کردنی ئەو کێشە مێژووییە و، پشتیوانی مافی رەوای گەلەکەمان بن،  چیتر پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان نەکەن.

لەھەمان کاتدا داوا لەو دەوڵەتانە دەکەین کە بەپێی پەیماننامەی لۆزان کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا، دەرگای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی گەلی کوردستان و کێشەی خۆشیان بکەنەوە، لەکۆتاییدا کۆنفراس سوپاسی ھەموو بەشداربووانی کرد و بڕیاری لەسەر پێکھێنانی کۆمسیۆنێکی کارا دا بۆ بەدواداچوون و پلانڕێژی و لەسەر کۆی پرسەکانی پەیوەست بە لۆزان و تەواوی پێشنیاز و راسپاردەو ئەرکەکانی بەم جۆرەی خوارەوە دابەشی سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەویی و نێودەوڵەتی کرد.

یەکەم: لە ئاستی نێودەوڵەتی

 1- پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.

 2- لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمسیۆنێکی  نێونەتەوەیی دروستبکرێت، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت، ئەو کۆمسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروست بکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ.

3-  کورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەنان. بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی کرداری بنرێت.

4- ھەوڵ بدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ببن بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لە پێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان.

5- دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی دیبلۆماسی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ئەنجام نامەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

6- لەماوەی سەد ساڵی لۆزاندا چەندین پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراوە، پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە. دڵنییاش فەراھەم بکەن بۆ رێگەگرتن لە روودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەگەلی کوردستان. بە پشت بەستن بە یاسای قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵی.

7- رێگری کردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بەگەلی کوردستان بەگشتی و لە رۆژئاواو ھەرێمی کوردستان  بەتایبەتی. بە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

یان لەگەڵیدا ھێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی لە نێوان تورکیاو رۆژئاوای کوردستان جێگیر بکرێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

8- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی ئازاد بکرێن.

دووەم: لە ئاستی ناوخۆیی کوردستان

1- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانیەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیە کەسی و  سیاسیەکان.

2- وەلانانی ناکۆکیە سیاسیە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ناکۆکیە ناوخۆییەکان. 

3- دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بەئەولەویەتگرتنی پاراستنی  و پشتگیری لەقەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆ بەڕێوەبەری رۆژاڤا، پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا بۆ ھەماھەنگی ھاوکاری لەبواری سیاسی و ئابوری و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و راپەڕاندنی ئەرکە ھاوبەشەکان.

4- بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان.

5- مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی خەڵکی کوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاکان.

6- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لە پێناو برەو دانی زیاتر بەو خەباتە نمونەییە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.

سێیەم: لەئاستی ناوچەیی و  ئەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە:

1-  پارچەکانی کوردستان لەناو سنوری دەوڵەتی سوریاو تورکیا بە فەرمی بناسرێن لە ناو تورکیا و سوریادا بەو دیڤاکتۆیەکیەی کە خۆیان دەخوازن پەسەند بکرێن.

2- ئەو دیڤاکتۆ خۆبەڕێوبەری کوردستان لە ناو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتوەکان دانی پێدا بنرێت و بەفەرمی بناسرێت.

3-  بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە بەھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەک دەنگی لە ئاستی باڵادا پێک بھێنرێت، شکاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان بەتەنیا بە رێکەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.

4-  داخوازیەکی جدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بە بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمیایەتیەکانی نا موسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاوێردەکردن جێبەجێ بکرێت.

5- ئێزیدی و یارسانەکان کە لەناو کاتاگۆری نا موسڵماندان ناساندنی فەرمیان پەسەند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی بۆ رۆم و ئەرمەنی و سریانی وکلدانی قبوڵ کراوە بۆ کوردانی ئێزیدی و یارسانەکان پەسەند بکرێت. 

6- پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان ھەریەک نوسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و ئەرکەکان بەرابەری بکرێتەوە.

7- ئۆرگانێکی راوێژکاری و رێنیشاندەر لە نێوان بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت.

لە پێناو ھۆشیاری و بەرچاوڕوونی و پلاندانانی ھاوبەش.

8- دواکارین لە ھەردوو دەسەڵادارانی ھەرێمی کوردستانی عیراق و رۆژئاوای کوردستان دەکەین، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و لە بەرانبەردا ھەموو تێکەڵاویەکی سیاسی و کەلتوری و ئابوری کۆمەڵاتی لەنێوان خۆدا پیادە بکەن. بە پشت بەستن بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە فەرمی ناسینی کانتۆنەلانی رۆژئاوای کوردستان.

9- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن.

10-  بە پێی مادەی 140ی دەستووری ھەمیشەیی عیراق چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت و رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان