کوردستانی
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی دەرچوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بە گوێرەی نووسراوێکی ئەنجومەنی دادوەریی دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری باڵای بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەرچووە بە تۆمەتی هەڕەشەکردن.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تەموزی 2023 سەرچاوەیەکی باڵا لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەگوێرەی نووسراوێکی مانگی ئایاری ئەمساڵ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری باڵای بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەرچووە بە تۆمەتی ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لەو کەسانە کردووە کە لە حزبەکەی جیابوونەتەوە".
باسی لەوەشکردووە "رابەری باڵای بزوتنەوەی ئیسلامی ئەگەر مانگی ئایار برۆشتایەتە دادگا و کەفالەتەکەی بدایە هەر ئەوکاتە کەیسەکەی دادەخرا بەڵام بەلایەوە گرنگ نەبووە و نەچووە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "دوێنێش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بارەگای ئەو کۆمەڵەیەیان داخستووە لە هەولێر کە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوونەتەوە، لە بنەڕەتیشدا کردنەوەی بارەگاکە نایاسایی بووە".
جەختیشی کردووەتەوە "کۆمەڵێکی زۆر کاریان بەناوی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە کردووە کە هەموو ئەو کارانە بە ساختە لەقەڵەم دراوە".
سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردنەکەش دەڵێت "ئەو کۆمەڵەیەی جیابوونەتەوە هیچیان بەدەستەوە نەبووە تا بڵاوی بکەنەوە ئەم فەرمانی دەستگیرکردنە نەبێت کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ".
بیروڕا


