کوردستانی
چیتر رێگەنادرێت کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بەچەکەوە بێنە ناو هاوڵاتییان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت زیاتر لە 17 هەزار چەک تۆمارکراون و لەمەودواش رێگەنادرێت کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بە چەکەوە بچنە ناو هاوڵاتییان.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تەموزی 2023 هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "لەمەودوا دەبێت کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان چەکەکانیان لەشوێنی کارەکانیان بەجێبهێڵن و بەچەکەوە نەچنەوە ماڵەوە".
باسی لەوەشکردووە "هاوڵاتیی بۆئەوەی مۆڵەتی چەک بەدەستبهێنێت پێویستی بە ماوەی دوو مانگ هەیە و لە ئێستاشدا ئەو کەسەی کە چەکەکەی تۆمار نەکردووە و دەیەوێت چەک هەڵبگرێت دەتوانێت لەم دوو مانگەدا داواکاریی پێشکەشبکات".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "دوو جۆر مۆڵەت هەیە بۆ چەک، یەکەمیان دەستداریی چەکە کە وەک هاوڵاتیی دەتوانیت داوای دەستداریی چەک دەکەیت و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەتوانیت چەک لە ماڵەکەتدا هەبێت ، جۆری دووەمیش مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکە کە دەتوانێت چەکەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت".
جەختیشی کردووەتەوە "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 17 هەزار چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکراون و تاوەکو هاوڵاتیی مۆڵەتەکەی وەرنەگرێتەوە بۆی نییە لەگەڵ خۆیدا هەڵیبگرێت و دەبێت لەماڵەوە بیهێڵێتەوە".
ر.ع
ر.ع
بیروڕا


