کوردستانی

زەوی بەسەر ئەم هاوڵاتییانەدا دابەشدەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


زەوی بەسەر ئەم هاوڵاتییانەدا دابەشدەکرێت
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت 30 پارچە زەویی بەسەر 30 لە زیندانیانی سیاسیدا دابەشکرا کە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەبووە و سەرۆکایەتیی شارەوانیی شۆڕش زەویەکانی پێداون.
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە مەودا میدیای راگەیاند "بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆکی شارەوانییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش و سەرۆک و ئەندامانی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان 30 پارچە زەوییان بەسەر 30 زیندانی سیاسیی ناحیەی شۆڕشدا دابەشکرد".
 
باسی لەوەشکردووە "ئەو 30 کەسەی کە پارچە زەوییەکانیان وەرگرتووە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەبووە بۆیە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی شۆڕشەوە زەوییان بۆ دابینکراوە".
 
جەختیشی کردەوە "سوپاسی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکاربوون لە دابینکردنی ئەو زەوییانە و کارئاسانیکردنیان بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانە".
 
قایمقامی چەمچەماڵ وتوشیەتی "لە داهاتوودا و لە ماوەیەکی نزیکدا زیندانیانی سیاسیی ناحیەی تەکیە و ناحیەی سەنگاویش زەوییان بۆ دابین دەکرێت و بەسەریاندا دابەشدەکرێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر و هەر لە قەزای چەمچەماڵ 150 زەوی دیکە بەسەر زیندانیانی سیاسییدا دابەشکرا و لەئێستاشدا ئەو پرۆسەیە بەردەوامە و ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە ماون زەویی پێویستییان بۆ دابیندەکرێت و بەسەریاندا دابەشدەکرێت.
Qaiwan
Qaiwan