کوردستانی
پۆلیسی سلێمانی: کچێکمان دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەتی لە هاوڵاتییەک کردبوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت مەفرەزەکانی بنکەی سەیدسادق توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربکەن کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتیی لە هاوڵاتییەک کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تەموزی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند "دوای وەرگرتنی سکاڵای هاوڵاتییەک لەسەر کچێک کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتیی لێکردووە، ئەگەر بڕێک پارەی پێنەدات، دەستبەجێ هێزەکانمان دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون تاوەکو تۆمەتبارەکە دەستگیربکرێت".
باسی لەوەشکردووە "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادقەوە لە یەکێک لە سیتییەکانی شاری سلێمانی دەستگیربکرێت، لەکاتی دەستگیرکردنەکەشیدا دەستگیرا بەسەر دوو مۆبایل و لاپتۆپەکەیدا".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو تۆمەتبارە دوای لێکۆڵینەوەکان دانی بەوەداناوە کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین کەسی دیکەی فریوداوە و دواتریش لەژێر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکاندا داوای بڕێک پارەی لەو کەسانە کردووە".
جەختیشی کردووەتەوە "تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب ناوی (ف، ر) و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە".
ر.ع
بیروڕا


