کوردستانی

بۆچی نرخی بەنزین لە سلێمانی و هەولێر بەرزبووەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆچی نرخی بەنزین لە سلێمانی و هەولێر بەرزبووەوە؟
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت لە سلێمانی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین 25 تاوەکو 50 دیناریان چووەتە سەر و نرخەکەیان گرانبووە، هۆکارەکەشی بۆ کەمی خستنەڕوو و زۆربوونی خواستی هاوڵاتییانەوە دروستبووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تەموزی 2023 بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "نرخی بەنزین لە سلێمانی گرانبووە بەجۆرێک لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە 850 دینارەوە بووەتە 900 دینار و بەنزینی موحەسەن لە 1050 دینارەوە بووەتە 1075 دینار و بەنزینی سۆپەریش لە 1200 دینارەوە بووەتە 1250 دینار".
 
باسی لەوەشکردووە "نرخی غازی LPG واتە غازی شل بەپێچەوانەی بەنزینەوە نرخەکەی بەرزنەبووەتەوە و دابەزیوە، لەئێستادا بووەتە 425 دینار بۆ هەر لیترێک".
 
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەشییەوە وتی "پشکی پێویستی پارێزگای سلێمانی لە بەنزین لە هەرێم و عیراقەوە ناگاتە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان و هەروەها هاوڵاتییان خواستیان بۆ ئەو جۆرە بەنزینە زیادیکردووە".
 
سیروان عوبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر رایگەیاند "لە سنووری هەولێریش نرخی بەنزین گرانبووە و بۆ هەر لیترێک بەنزین لە هەرسێ جۆرەکە 10 تاوەکو 15 دیناری چووەتەسەر".

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی روونیشی کردووەتەوە "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوە نرخی بەنزین، بەشێوەیەک بازرگانەکانی بەنزین لەدەرەوە و بە دۆلار دەیکڕن و دواتر هاوردەی دەکەن، بۆیە بە ناچارییەوە بە نرخێکی گرانتر دەیخەنە بازاڕەوە".
Qaiwan
Qaiwan