کوردستانی

لەبارەی مووچەی هەرێمەوە راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی مووچەی هەرێمەوە راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە
مەودا میدیا - 
 
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک مووچەی بۆ هاوڵاتییانی دابینکردووە، بەڵام ئێستا ئەوە بووەتە ئەرکی حکومەتی عیراق و ئەوان بەرپرسن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تەموزی 2023 پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچەوە رایگەیاند "گرنگترین بابەت و ئەولەوییەت پرسی مووچە بووە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەتا ئەو رۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتیی هاونیشتمانیانی دابینکردووە".
 
باسی لەوەشکردووە "ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عیراقی لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکومەتی عیراق بە بەرپرس دەزانین، لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە".
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو "لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بەجێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکومەتی عیراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت".
 
جەختیشی کردووەتەوە " پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێک هەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە"
 
وتەبێژی حکومەت وتیوشیەتی "لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە  ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان ".

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan