تەندروستی
دەرمانێكی نوێ بەڕێوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "پیری"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لەكاتێكدایە پیری بەشێكە لە ژیان و ناتوانین لێی هەڵبێین، زانایان نزیكن لە پەرەپێدانی دەرمان و چارەسەر كە توانایان هەیە هاوكاربن لە كەمكردنەوەی نیشانە نەرێنییەكانی بەساڵاچوون.
لە توێژینەوەكانی رابردوودا دەركەوت AP39ی بەخشەری كبریتی هایدرۆجین دەبێتە هۆی ژیانەوەی خانە بەساڵاچووەكان بە شێوەیەكی تەندروست، لەئێستاشدا توێژینەوەكان بەردەوامن تایبەت بەو هەنگاوە.
مایتۆكۆندریا لەناو خانەكاندا
لەرێگەی بەئامانجگرتنی مایتۆكۆندریای ناو خانەكانی بوونەوەرێكی زیندوو (Caenorhabditis elegans)، چارەسەری كبریتی ئایدرۆجین یان هایدرۆجین سوڵفاید سەركەوتووبووە لە ژیاندنەوە و تەندروستبوونی ئەو خانانەی جەستە كە لە قۆناغی پیریدان.
ئەو دەرمانە دەشتوانێت پارێزگاریی بكات لە چالاكیی ماسولكەكان لەمیانی بەساڵاچووندا، لەلایەكی دیكەشەوە كاریگەریی دەبێت لەسەر نەخۆشییەكانی پەیوەست بە هزر، وەك پاركینسۆن، زەهایمەر، شیزۆفرینیا و هاوشێوەكانیان.
كبریتی هایدرۆجین
توێژەرانی زانكۆی ئیكستەر دەڵێن "كبریتی هایدرۆجین کە بە رێژەیەکی کەم دەدرێت بە بەشە تایبەتەکانی خانەكان، دەكرێت لە داهاتوودا مرۆڤەكان بەكاریبهێنن بۆئەوەی بۆ ماوەیەكی زیاتر و تەندروستتر بژین".
كە بەپێی توێژینەوەكانی هەتا ئێستا، گەردیلەی بەخشەری هایدرۆجین سەلفاید، توانای خۆپارێزیی لە نەخۆشیی و پاراستنی کوالیتی ژیانێکی باشتری هەیە لە ساڵانی داهاتوودا.
یەكێك لە توێژەرانی تایبەت بەو چارەسەرە دەڵێت "دەرمانەكە بۆ درێژكردنەوەی تەمەن نییە، بەڵكو پەیوەستە بە باشتركردنی تەندروستیی كەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو، ئەنجامەكەشی سوودی زۆری دەبێت بۆ خەڵك".
ژ.ع