کوردستانی
ئەمەریکا هۆشداریی دایە حکومەتی هەرێم
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایدەگەیەنێت ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازیی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا نەکات، ئەمەریکا هاوکارییەکانی رادەگرێت و چیتر بەردەوام نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئابی 2023 مات مەکفارلەین، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند "هۆشداریمان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو چاکسازیی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا بکەن و لە ئەگەری نەکردنیشی، لەمەودوا ئەمەریکا ناتوانێت هاوکارییەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامبێت".
باسی لەوەشکردووە "وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک لەو خاڵانەی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندا هەیە بەجێهێناوە، بەڵام نەبوونی وەزیری پێشمەرگە لە وەزارەتەکەدا بووەتە هۆی لاوازیی ئەو دامەزراوەیە و پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەشی وەستاندووە".
رونیشی کردووەتەوە "مانگی تەموزی رابردوو ئێمە بێهیوابوونی خۆمان دەربڕی لەبەرانبەر بەدەستهێنانی هەندێک لە ئامانجەکانی یاداشتنامەکەمان".
مات مەکفارلەین وتوشیەتی "گەر حکومەتی هەرێم نەتوانێت چاکسازییەکان و پابەندییەکانی خۆی بەگوێرەی یاداشتنامەکەی نێوانمان جێبەجێ بکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش ناتوانێت هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی پێشکەش بکات".
ر.ع
ر.ع