کوردستانی
دێرەلووک بۆردوومان کرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
لە بەردەوامیی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر چیای مەتینی دەڤەری ئامێدی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو گولە تۆپ تەنها لەماوەی 10 خولەکدا لە گوندی گوهەرز کەوتە خوارەوە و زیانی بە ئۆتۆمبێل و ماڵی هاوڵاتییانی گوندەکە گەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئابی 2023 شایەتحاڵێکی نزیک لە شووێنی رووداوەکە بە مەودا میدیای راگەیاند "یەکەم گولە تۆپ کەوتە نێو گوندەکە و هاوڵاتییان زۆر ترسیان لەدڵدا درووست بوو، دواتر ئێمە بەرەو شوێنی رووداوەکە رۆیشتین تاوەکو بزانین زیانی گیانی هەبووە یاخود نا و بتوانین رزگارییان بکەین".
باسی لەوەشکرد "لەو کاتەی ئێمە گەیشتینە شوێنەکە و بینیمان چۆن زیانی گەیاندووە بەو ماڵ و ئۆتۆمبێلەی کە گولە تۆپەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە، دووەم گولە تۆپیش لە نزیک هەمان شوێن کەوتە خوارەوە".
جەختیشی کردووەتەوە "هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی دوو گولە تۆپەکەوە نەبووە و ئەوەی هەیە تەنها زیانی مادییە کە بەر ئۆتۆمبێل و ماڵی هاوڵاتییەک کەوتووە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەندین رۆژە بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکە بەردەوامە و بە رۆژ و بە شەو فڕۆکەکان بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و تۆپبارانی دەکەن .
بیروڕا


