کوردستانی
مەترسییە گەورەکە لەسەر وانەبێژان ئاشکرابوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
جێگری سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایدەگەیەنێت لە هیچ شوێنێکی دنیادا شتی وا نەبووە کە لە کوردستان هەیە، خوێندنگەمان هەیە لە دەرەوەی شار کە بەڕێوەبەر و سەرجەم مامۆستاکانی وانەبێژن، مەترسیی هەیە کە بەشێکی زۆری وانەبێژان بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئابی 2023 عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەشەوانەی مامۆستایان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت بەهۆی دانانی پشووی رۆژانی شەممەوە لە خوێندنگەکان و ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر وانەبێژان، ئەگەری هەیە بەشێکی زۆری مامۆستایانی وانەبێژ بەهۆی ئەم بڕیارەوە بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە".
باسی لەوەشکردووە "پێویستە چارەسەرێک بۆ دۆخی مامۆستایانی وانەبێژ بدۆزرێتەوە، بەوهۆیەی مامۆستا هەیە چەندین ساڵە وانەبێژە و خزمەتی کەرتی پەروەردە دەکات".
روونیشی کردووەتەوە "لە دەرەوەی شار خوێندنگە هەیە بەڕێوەبەر و سەرجەم مامۆستاکانی وانەبێژن و ئەم شتە لە هەموو دونیادا بوونی نییە و نەبووە".
عەتا ئەحمەد جەختیشی کردووەتەوە "هەوڵێکیش هەیە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە کە نووسراویان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم کردووە تاوەکو مافەکانیان نەفەوتێت و بکرێنە گرێبەست".
جێگری سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وتوشیەتی "لە سێکتەری پەروەردەدا تاوەکو ئێستا کێشەی مامۆستایانی وانەبێت چارەسەر نەکراوە و گەر زۆربەی پەروەردەکانی دەرەوەی شار وەربگرین دەبینین %50ی مامۆستاکانیان وانەبێژن".
بیروڕا


