کوردستانی

نزیكەی 90 تۆن ئارد و برنج لەناودەبرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


نزیكەی 90 تۆن ئارد و برنج لەناودەبرێن
مەودا میدیا-

لە شاری سلێمانی و لەلایەن یەكێك لە بنكەكانی پۆلیسەوە، نزیكەی 90 تۆن ئارد و برنج لەناوبران و پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "ماوەبەسەرچووبوون".

ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئاب-2023 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەلایەن بنكەی پۆلیسی كوردسات و بەهاوكاریی ئاسایشی سلێمانی، نزیكەی  90 تۆن ئارد و برنج لەناوبران كە شیاو نەبوون بۆ بەكارهێنان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای ئەوەی گومان خراوەتەسەر كۆگایەك كە خۆراكی ماوەبەسەرچووی تێدابێت، بە بڕیاری دادوەری ئاسایشی سلێمانی كەشفی كۆگاكە كرا و دوای ناردنی بەشێك لەو خۆراكانە بۆ پشكنین دەركەوت كە شیاو نییە بۆ بەكارهێنان.

ئەوەش هاتووە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامبوون و دەركەوتووە ئەم خۆراكانە كە نزیكەی 90 تۆن ئارد و برنجی بەسەرچوون لە دوو كۆگا هەڵگیراون.

بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی سلێمانی، دوای كۆكردنەوەی ئەو دوو بەرهەمە ماوەبەسەرچووە، بە بڕیاری دادوەر لەلایەن بنكەی پۆلیسی كوردساتەوە سەرجەم خۆراكەكان لەناوبراون.

هاوكات لەسەر ئەو دۆسییەیە دوو تۆمەتبار لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە. 

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan