گێتی

بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرۆكێك زیندانیدەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرۆكێك زیندانیدەكرێت
مەودا میدیا-

بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، یەكێك لە سەرۆكەكانی وڵاتەكە وەك تۆمەتبار لە بنكەی پۆلیس وێنەی دەگیردرێت و زیندانیدەكرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە كاتی كوردستان و شەوی پێنجشەممە بە كاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە پێیەكانی خۆی چووە بنكەی پۆلیسی جۆرجیا.

میدیای ویلایەتە یەكگرتووەكان وێنەی ترەمپ-ی بڵاوكردووەتەوە كە لە بنكەی پۆلیسی ناوچەی فۆڵتن لە جۆرجیا چركێندراوە، بەپێی زانیارییەكانیش بۆ ماوەی 20 خولەك لە زیندان ماوەتەوە و پاشان بە كەفالەت ئازادكراوە.

ئەوەش هاتووە، ترەمپ خۆی رادەستی بنكەی پۆلیس كردووە، كە تۆمەتباركراوە بە هەوڵدان بۆ گۆڕین و پێچەوانەكردنەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2020، كە بەرامبەر جۆو بایدن، سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكان دۆڕاندی.

پاشئەوەی بە كەفالەت ئازادكرا، ترەمپ بە فڕۆكە تایبەتەكەی گەڕایەوە نیوجێرزی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەریش پاش ئەو رووداوە نووسیویەتی"دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكان، هەرگیز كۆڵمەدە".

ترەمپ 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان و جیاوازترینیانە، كە لەماوەی سەرۆكایەتیی و پاش سەرۆكایەتییشیدا هەتا ئێستا، جێی باس و مشتومڕە لە جیهاندا و دەستبەسەركردنیشی یەكێكە لە رووداوە مێژووییەكان.

ژ.ع


Qaiwan
Qaiwan