راپۆرت

هەرێم لەنێوان دوو بەرداشی بەغدا و ئەنقەرە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێم لەنێوان دوو بەرداشی بەغدا و ئەنقەرە
مەودا میدیا-

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو مانگە بەردەوام چاوەڕێی ناردنی شایستە داراییەكانییەتی لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە، ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە ئەنقەرە داوای قەرەبووی وەستانی پرۆسەی هەناردەی نەوتی لێدەكات كە ملیۆنان دۆلارە. 

پێنج مانگ لەمەوبەر و بە دیاریكراوی رێكەوتی 24ی ئازاری ئەمساڵ، حكومەتی پاش نۆ ساڵ لە پێشكەشكردنی سكاڵا لەلایەن بەغداوە، دادگای نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانیی لە پاریس بڕیاریدا بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ توركیا، ئەو بڕیارە كۆتاییهێنا بە رێككەوتنی 50 ساڵەی نێوان هەرێم و ئەنقەرە.
هەرێم لە سەرجەم دانوستان و گفتوگۆكانی تایبەت بە نەوت دوورخراوەتەوە
لە هەمان رێكەوتەوە هەتا ئێستا پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە و تەنانەت لە دوو مانگی دواییدا هەرێم لە سەرجەم دانوستان و گفتوگۆكانی تایبەت بەو پرسە دوورخراوەتەوە و تەنها و تەنها بەرپرسانی عیراق و توركیا لەوبارەیەوە كۆدەبنەوە، پەراوێزخستنی هەرێم لەم پرسەدا بووەتە هۆی دەربڕینی دەنگی نارەزایی لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە.

ئەمڕۆ هەینی  25ی ئاب، پاش تێپەڕینی پێنج مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی لە زاری دوو بەرپرسی توركیاوە رایگەیاندووە، ئەنقەرە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات، ملیۆنان دۆلاری زیانەكانی پەیوەست بە قەرەبووكردنەوەی بەغدا ببژێرێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە.
تورکیا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان كردووە تێچووی قەرەبووەكە دابینبكات
دادگای نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی -ژووری بازرگانی مانگی ئازار بڕیاریشیدا توركیا یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بە عیراق بدات بەهۆی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بێ رەزامەندیی بەغدا، بەپێی ئەو رۆژنامە جیهانییە، تورکیا رەتیدەكاتەوە ئەو قەرەبووەی لێی داواكراوە بیداتە بەغدا، بۆیە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان كردووە تێچووی قەرەبووەكە دابینبكات و بیداتە بەغدا هەتا هەناردەی نەوت لە بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە.

هەر لەم هەفتەیەدا هاكان فیدان، وەزیری دەرەوی توركیا و ئالپئارسلان بایراكتار، وەزیری سەرچاوە سروشتییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عیراق و هەرێم کۆبوونەوە و دۆسیەی نەوت یەكێك بوو لە سەرەكیترین تەوەرەكانیان، هەر پاش ئەو كۆبوونەوانەش تێلێگراف ئاشكرایكرد، مەرجی توركیا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، پێنەدانی ئەو بڕە پارەیەیە وەك قەرەبوو.

دۆخەكە لێرەدا چەقیبەستووە، لەكاتێكدا عیراق داوا لە ئەنقەرە دەكات داهاتی نەوتی هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا و پاشان بەغدا بڕی 12.6%ی داهاتەكە بداتە هەرێم، بەڵام هەرێم بەپێی ئەو راپۆرتە رەتیدەكاتەوە و داوای سەرجەم داهاتەكە دەكات بەوپێیەی لە سەرچاوەی داهاتە نەوتییەكانی عیراق هیچ شایستەیەكی بۆ دیارینەكراوە.
  بەغدا و هەولێر مانگی نیسانی رابردوودا رێککەوتن بەغدا سەرپەرشتیی تەواوی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی بكات
لەلایەكی دیكەوە  بەغدا و هەولێر مانگی نیسانی رابردوودا رێککەوتن بەغدا سەرپەرشتیی تەواوی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی بكات، ئەوەش رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەداتەوە لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

هەر دوو مانگ بەر لە ئێستا، یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی بڵاوكرایەوە و چووە بواری جێبەجێكردن، كە بەپێی ئەو یاسایە و رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، پێویستە شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن عیراقەوە بنێردرێـت، كە هەتا ئێستا ئەو بڕیارەش پەكی كەوتووە و تەنانەت مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمیش هەتا ئێستا نەنێردراوە.

هەرێمی كوردستان ئێستا لەنێوان بڕیارە دەستووریی و نێودەوڵەتییەكاندا لەژێر فشاردایە، لەكاتێكدا ساڵانی رابردوو تەواوی داهاتی هەناردەی نەوت و خاڵە سنوورییەكان و داهاتە نانەوتییەكان لەدەستی خۆیدا بوو، ئێستا بەهۆی ململانێ و نارێكییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانەوە خەریكە باجی وڵاتانی هاوسێی پێدەدرێت و هەتا دێت حكومەتی ناوەندیش فشارەكانی توندتردەكاتەوە بۆ نەهێشتنی هەژموونی و خۆشكردنی جێپێی خۆی لەناو هەرێمدا.

 
شادان، ع،ع

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان