چاوپێكەوتن

چنور عومەر مەجید: ئێستاش پێویست بێت دەبمەوە بە پێشمەرگە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 چنور عومەر مەجید: ئێستاش پێویست بێت دەبمەوە بە پێشمەرگە
مەودا میدیا-

 کەمیی ژمارەی پێشمەرگەی ژن و لاوازیی رۆڵیان لە پێشمەرگایەتی و خەباتی شاخدا، بەهۆی ئەوەوە نەبووە کە ژنان هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی و بەرخودانیان لاوازە، یان وەک باوە "ژن زەعیفەن"، بەڵکوو ژنانیش خاوەنی هەستی بەرزی قوربانیدان و گیانبازی بوون لەپێناو گەل و وڵاتەکەیاندا، بەڵام کۆمەڵگە و دابونەریتی نێرسالاری؛ هۆکاری سەرەکی بوون بۆ پەراوێزخستنی ژنان و پێنەدانی رۆڵی شایستە پێیان.
ژنان لە شار بووبێتن یان لە شاخ، سیاسی بووبێتن یان کەسانی ئاسایی، هەمان هەستی رق لە دوژمن و خۆشەویستیی خاک و گەلیان هەبووە و هەیە، خواستیان بووە ئەوانیش بەوپەڕی توانا و لەخۆبووردەییەوە قوربانیی بدەن و نموونەشمان زۆرە.
خاتوو چنور، کە لە چاوپێکەوتنی ئەمجارەماندا دەیدوێنین، یەکێکە لەو ژنانە و وەک خۆی دەڵێت، ئێستاش پێویست بێت چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شانی و خزمەتی گەلەکەی دەکات.
  
سەرەتا بە خۆناساندن دەست پێ دەکەین...
ناوم چنور عومەر مەجیدە، ساڵی 1963 لە سلێمانی گەڕەکی سەرکارێز لەدایک بووم. باوکم بە (حاجی عومەر) ناسراوە و دایکیشم ناوی حاجی زەکیەیە، چوار خوشک و سێ براین.
 
تا چەندت خوێندووە و قۆناغەکانی خوێندنت لە کوێ بووە؟
ساڵی 1970 لە خوێندنگەی گەلاوێژی سەرەتایی لە سەرکارێز خرامە بەر خوێندن، بەردەوام بووم لە هەمان خوێندنگە تا گەیشتمە ناوەندی، ناوەندییم لە پەیام تەواو کرد، دواتر لە ئامادەیی پیشەسازیی کچان وەرگیرام، کە هەر لەو ساڵەدا کرایەوە.
 
دوای ئامادەیی چوویتە کوێ؟
ئامادەییم تەواو نەکرد، چونکە لە ساڵی 1983 کە دەنگوباسی مفاوەزاتی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عیراق بڵاو بووەوە لەناو خەڵکدا، ئێمەش خۆمان ئاشکرا کرد وەکوو رێکخستنی ناوشار، پاشان کە لە ساڵی 1984 مفاوەزاتەکە تێک چوو، کۆمەڵێک خوێندکار بووین لە ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانی دەرکراین.
 
هیچ یەکێک لە خوێندکارەکانی ترت لەبیرە؟
یەکێک لەوانەی بیرم بێت کە لەگەڵ من دەرکرا (شەهلای کچی کاک محەمەد فەرەج) بوو.
 
کار و چالاکیتان لە رێکخستنەکانی ناوشاردا چی بوو؟
لە ساڵانی 1982 – 1984 بەردەوام و دەتوانم بڵێم رۆژانە خۆپیشاندان هەبوو و ئێمەش بەشدار دەبووین، کاتێک هێزەکانی رژێم هاوڕێیەک یان خوێندکارێکیان دەگرت یاخود گوللەباران دەکرد، ئێمە دەچووینە سەر شەقام و خۆپیشاندانمان دژی رژێم دەکرد.
زۆر جار هێزەکانی رژێم راویان دەناین؛ جارێکیان خۆم کرد بە ماڵێکدا ژنی ماڵەکە گسکی دەدا، گسکەکەی دایە دەست من و وتی: "بکەوە ماڵ پاککردنەوە، ئەگەر ئەمن هاتن با وا بزانن تۆ کچی ماڵەکەیت." ئەوسا زۆربەی خەڵک پشتوانی شۆڕش بوون.
 
کێ هاندەرت بوو بۆ چوونە ناو کاری رێکخستن و سیاسەت؟
راستییەکەی دونیابینی و تێڕوانینی خۆم کاریگەری لە هەموو شتێک زیاتر بوو، سەیرم دەکرد کە داگیرکەر چەندە دڕندە و دیکتاتۆرە، خەونم بە ئازادیی نەتەوەییەوە دەبینی، هەر بۆیە چوومە ناو رێکخستنەوە. هەروەها لە ساڵی 1974 ماوەی چەند مانگێک بە خێزانەوە لەناو پێشمەرگەدا بووین، هەر لەو کاتەوە هەستی خۆشەویستیم بۆ پێشمەرگایەتی و کوردپەروەریی دەستی پێ کردبوو.
 
کێ بەرپرسی رێکخستنتان بوو؟
کوڕێک بوو ناوی سەلام بوو، یەکێکیش لەوانەی پێکەوە بووین نەرمین خانی هاوسەری کاک شۆڕش ئیسماعیل بوو، کە لە ناوەندیی پەیامیش بەیەکەوە بووین.
 
باسی ئەوەم بۆ بکە کە لەگەڵ کاک نەبەز چۆن هاوسەرگیریتان کرد؟
دوای تێکچوونی مفاوەزات و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سورداش و دواتر بەرەو گوندەکان، نەبەز، کە بە خولەی جگەر ناسرابوو، پێشتر منی لەناو سلێمانی بینیبوو، لەوێوە ناردی بۆ داواکردنم و هاوسەرگیری، بەڵام یەکسەر نەمتوانی بڵێم باشە. هەرچەندە خۆم لە رێکخستندا بووم و حەزم لە پێشمەرگایەتی بوو، بەڵام جاری یەکەم رازیی نەبووم و جاری دووەم کە ناردییەوە، ئینجا رازیی بووم.
 
بە چ شێوازێک رۆیشتیت بۆ شاخ بۆ ناو پێشمەرگە؟
لە ساڵی 1987 لە رێگەی خزم و کەسوکارەوە بە مەراسیمێکی جوانی خێزانیانە وەک چوون بۆ سەیران و گەشت، بەناو بازگەکانی حکومەتی عیراقیدا رۆیشتین.
 
یەکەم شوێن چوویتە کوێ؟
یەکەم قۆناغ چوومە مەرگە، کە گەیشتم کۆمەڵێک پێشمەرگەی ژن لەوێ چاوەڕێیان دەکردم و پێشوازییەکی زۆر جوانیان لێ کردم.
 
ئەو کۆمەڵە ژنە کێ بوون؟
چیمەنی شێخ ئەوڕەحمان، کەژاڵ خان، گوڵە خان، گێلاس خان، نەجیبە خان... لەوێ ئامادە بوون، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسوکار کە لە سلێمانییەوە هاتبوون لەگەڵمدا.
 
ژیانی پێشمەرگایەتی و شاخ بەلاتەوە چۆن بوو؟
زۆر زۆرم پێ خۆش بوو، چونکە خۆم پێشمەرگایەتی و نیشتمانپەروەری لە خوێنمدا بوو. ئەوەبوو لە ساڵی (1986) ئاشتبوونەوەی گشتیی نێوان حزبە کوردییەکان کرابوو و هێشتا بەردەوام بوو کە تازە ماڵم دانا لە مەرگە، لەبەر ئەوە قەرەباڵغییەکی زۆر کەوتە سەر شانم، زۆربەیان لە ماڵی ئێمە لایان دەدا و کۆبوونەوەکانیان ئەنجام دەدا، لەگەڵ ئەوەش زۆرم پێ خۆش بوو کە دەمتوانی خزمەتی هەموویان وەک یەک بکەم.
 
لە خێزانەکەتاندا هەر تۆ پێشمەرگە بوویت؟
نەخێر، برایەکیشم بەناوی بەرات لە ساڵی 1984 ناوی هاتەوە بۆ خزمەتی سەربازی، لەبەر ئەوە رای کرد و بوو بە پێشمەرگە تا ساڵی 1988، لە ساڵی 1988 و لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا دوای ئەوەی یەکێتی بانگەوازی کرد کە ئەندامەکانی دەتوانن بڕۆنەوە بۆ شار بەمەرجێک نەچنە ریزی خیانەتکارانەوە، ئەویش گەڕایەوە، بەڵام خۆشحاڵم کە هەر بە پاکی مایەوە و لەو رێبازە لای نەدا و وەک خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆی ئەژمار کرا.
 
دیارە ئێوە یەکێک بوون لەوانەی دەرمانخوارد کران، ئەو بەسەرهاتە چۆن بوو؟
دوای دوو مانگ لە ماڵێک لە مەرگە دەعوەت کراین، پاش نانخواردن باری تەندروستیمان زۆر بەخراپی تێک چوو، بردیانین بۆ لای پزیشک، دەرکەوت کە دەرمانخوارد کراوین.
 
کێ ئەو کارەی کرد؟
نەرمینی ژنی جەباری عەلی عەوێز.
 
چۆن چۆنی کردی؟
کردبوویە ناو کفتەوە و هەموومان خواردمان، بەڵام چونکە من سکم هەبوو، پێش هەموویان کاریگەریی کردە سەر من و زۆر هیلاک بووم، لە مەرگە نەخۆشخانەی لێ نەبوو، بۆیە بەپەلە منیان برد بۆ سێروانە، چونکە ئەوسا نەخۆشخانە لەوێ بوو، شەو و رۆژێک لەوێ بووم، پزیشکی دێکە بۆی دەرکەوت کە دەرمانخوارد کراوین، چونکە نەبەز و عومەر جەیرانیش هەمان نیشانەیان هەبوو، ئەوەبوو تەندروستیمان بەرەو خراپتر رۆیشت و ئیتر لە رێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە رەوانەی ئێران کراین بۆ چارەسەر.
 
لە کوێ چارەسەر دەکران؟
لە نەخۆشخانەی لوقمان لە تاران.
 
چارەسەرەکە زۆری خایاند؟
بەڵێ، ماوەی ساڵێکی خایاند.
 
ئەو دۆخە کاریگەریی هەبوو لەسەر منداڵەکەت کە سکتدا بوو؟
منداڵەکەش لە جەستەی منەوە ژەهری وەرگرتبوو، لەگەڵ ئەوەش زیندوو مایەوە لە سکمدا، بەڵام تا ئێستاش کە گەورە بووە و خاوەنی خێزانە، بەردەوام ئازاری لەش و ئێسکی هەیە.
 
لە ئێران لەدایک بوو؟
بەڵێ، لە ساڵی ئەنفالەکە (1988) لە مەهاباد لەدایک بوو و ناومان نا (کاڵێ)، هەروەها لە ساڵی 1991، ساڵی راپەڕینە مەزنەکە، منداڵی دووەمیشم (ژاڵە) هەر لە مەهاباد لەدایک بوو.
 
کەی گەڕانەوە؟
 تا راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 نەگەڕاینەوە، چونکە هەواڵمان هەبوو کە ئەنفالی گوندەکان لەلایەن حکومەتی عیراقەوە دەستی پێ کردووە و یەکەم شوێن مەرگە سووتێنرا بوو لەو ناوچەیەدا، هەموو ماڵەکەمان لەلایەن جاشەکانەوە سووتێنرابوو، پاشان ئەوەی لە گوندەکان مابوونەوە وردە وردە بەرەو ئێران دەهاتن، ئیتر لەوێ لەگەڵ برادەران یەکمان گرتەوە.
 
لە ئێران بەچییەوە سەرقاڵ بوون و دۆخی ژیانتان چۆن بوو؟
لە ئێران ماڵمان بەکرێ گرت و ژیانێکی سادەمان بە رێ دەکرد، زیاتر خزمەتی پێشمەرگەمان دەکرد و پێشوازیمان لەو ماڵە ئاوارانە دەکرد کە بەهۆی ئەنفالەوە بەرەو ئێران دەهاتن. 
 
ئەی کاک نەبەز؟
نەبەز هەرچەندە لەژێر چارەسەری ژەهرەکەدا بوو، بەڵام گەڕایەوە و بەشداری شەڕی سەرکردایەتی کرد، دیسانەوە لەوێش لەگەڵ پێشمەرگەکانی تر کیمیاوی لێی دانەوە و گەڕانەوە بۆ لامان، لەگەڵ ماڵی حەمەی ئامۆزای و کەژاڵ خانی خێزانی نەوزادی نوری بەگ کەوتینە پاککردنەوەیان و جلوبەرگەکانمان شووشتن، بەهۆی ئەو کیمیاویەی بە جلەکانەوە بوو، دەستوپلم بوو بە برین و چاوم هەوی کرد و بەردەوام ئاوی پێدا دەهاتە خوارەوە.  
 
بەشداریی هیچ چالاکییەکی رۆژانی راپەڕینتان کرد؟
من لە رۆژی 27ی ئازاری 1991 گەڕامەوە، بەڵام نەبەز لە 7ی ئازار، لە رۆژی راپەڕینی شاری سلێمانی گەڕایەوە، پاش سێ رۆژ بەشداری شەڕی چیمەنی کرد و بەداخەوە بەسەختی بریندار بوو و لەبەر سەختیی شەڕەکە، هێزی پێشمەرگە بەجێی دەهێڵن. 
 
ئەى چۆن رزگاری بوو؟
بە نیمچەئاگایی و بە بێهێزییەوە گوێی لە دەنگی چەند کەسێک دەبێت کە بە کوردی قسە دەکەن، بانگیان دەکات و دەڵێت: "من بریندارم و لێرەم". ئەوانیش دوو کوڕی گەنجی خەڵکی کەرکوک دەبن، هەڵی دەگرن و دەیگەیەننە سەر شەقامی کەکوک - سلێمانی و دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە.
 
ئەو دوو کوڕە ناویان چی بوو؟
ناویان رزگار و ئازاد بوو.
 
دوای ئەوەی کاک نەبەزیان گەیاندەوە ماڵەوە، چییان کرد؟
ماوەی ساڵێک هەر لای خۆمان بوون.
 
ئەى ئێوە چیتان کرد؟
دوای ئەوەی نەبەزیان هێنایەوە، مام جەلال زانیی کە بریندارە، وتی: "برینەکەی سەختە، بیبەن بۆ ئێران". لەگەڵ ئەوەش نەبەز نەویست بڕوات، دەیویست لەگەڵ خەڵک بمێنێتەوە و لە پێشمەرگە دانەبڕێت هەرچەندە برینەکەی زۆر سەخت بوو و تاکەی ئەوەندە زۆر بوو رۆژی حەوت جار دەمانگۆڕی، بەڵام کە کۆڕەوەکە دەستی پێ کرد، ئێمەش لەگەڵ خەڵک بەرەو ئێران رۆیشتین و لەوێ کەوتە چارەسەری برینەکەی.
 
ئەم جارە چەندتان پێ چوو؟
ماوەی چوار مانگ بەهۆی چارەسەرکردنی برینەکەیەوە لە ئێران ماینەوە.
 
دوای ئەوەی لە ئێران گەڕانەوە، چیتان کرد؟
پاش گەڕانەوەمان، دوای ئەوەی کە تەندروستیی باشتر بوو، جەنابی مام جەلال پۆستی بەرپرسی هێزی هاوبەش، کە لە هێزی هەموو حزبەکان پێک هاتبوو لە سلێمانی، بە نەبەز سپارد، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی کاری نابەرپرسانەی هەندێک کەس و ئاڵۆزیی کارەکە و سەردەمەکەوە، نەبەز لە جەنابی مام جەلال و یەکێتی دڵگران بوو و رووی کردە پارتی کە بەشێوەیەکی فەرمی ناردیان بەدوایدا، لەبەر ئەوە چووینە هەولێر. 
 
تا کەی بەو شێوەیە مانەوە؟
ساڵی 2003 دوای ئاشتبوونەوە و یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێم گەڕاینەوە سلێمانی. پاشان جەنابی مام جەلال مەراسیمێکی تایبەتی لە ماڵی خۆیان لە دەباشان بۆ رێک خست، دوای ئەوە هەموو شتێک چووەوە جێی ئاسایی خۆی، هەرچەندە کە لە هەولێریش بووین برادەران هەر سەردانیان کردووین و لەیەکتر دانەبڕاوین.
 
لەگەڵ خوێندنەوە چۆنیت؟
زۆر ئارەزووم لە خوێندنەوەیە، هەروەها بەردەوام بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان دەکەم و پێم خۆشە ئاگاداری رووداوەکان بم.
 
چۆن بوو نەگەڕایتەوە سەر خوێندن؟
خۆم زۆر حەزم دەکرد بگەڕێمەوە بۆ خوێندن، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوون بە ئەرکی ماڵ و منداڵەوە نەمتوانی.
 
ئەگەر زەمەن بگەڕێتەوە، دەبیتەوە بە پێشمەرگە؟
بەڵێ، ئێستاش پێویست بێت دەچم و دەبمەوە بە پێشمەرگە.
 
لە ئێستادا بەچییەوە سەرقاڵن؟
ژیانی ئاسایی خۆمان وەک هەموو کەسێکی دیکە بە رێ دەکەین و بەردەوامین. 
 
دواوتە، یاخود ئاواتت چییە؟
ئاواتم ئەوەیە کورد و کوردستان ئازاد بن.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) بە هاوکاریی (چیمەن عەبدولرەحمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan