تەندروستی
لە ماوەی یەك مانگدا بەمشێوەیە 10 كیلۆگرام كێشی لەشت دابەزێنە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
قەڵەویی و كێشی زۆری جەستە هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ملیۆنان دانیشتووی زەوی، بەپێی داتا سەنتەری جیهانی نزیكەی زیاتر لە یەك ملیار كەس لە سەرتاسەری جیهان بەهۆی قەڵەوییەوە دەناڵێنن.
هەر بەپێی ئامارە جیهانییەكان، 650 ملیۆن لە تووشبووانی قەڵەوی پێگەیشتوون و 340 ملیۆنیش لە هەرزەكاران پێكدێت، 39 ملیۆن تووشبووەكەی دیكەش منداڵانن.
ئەم كێشە تەندروستییە بە زۆر رێگەی جۆراوجۆر لەلایەن پزیشكان و تەندروستكارانەوە رێگەی چارەسەری بۆ دادەنرێت و بەشێكی زۆریش لەو رێگەچارەسەرانە كاریگەریی بەرچاویان هەیە لە گەڕاندنەوەی تەندروستییەكی باش بۆ تووشبوان.
بەم 10 رێنماییەی تەندروستكارانی شارەزا لە بوارەكەدا، دەتوانیت كێشی جەستەت لە ماوەیەكی كەمدا دابەزێنیت؛
1.كەمكردنەوەی بابەتەكانی شەكر و شیرینی
دووركەوتنەوە لە تەواوی جۆرەكانی شیرینی، تەنەنات جێگرەوە سروشتییەكانی شەكریش، هاوكاردەبێتە لە دەرەنجامی خێرای دابەزینی كێشی جەستە.
2.دووركەوتنەوە لە ئارد و هاوشێوەكانی
كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی ئارد و هاوشێوەكانی تێدایە، بێجگە لەوەی رێژەی كالۆری لە جەستە دادەبەزێنێت، هاوكاریشە بۆ تەندروستبوونی لەش
3.میوە وشككراوەكان
خواردنی میوە وشككراوەكان سوودی هەیە بۆ دابەزینی كێشی جەستە، خواردنی 2 بۆ 3 قاش مۆز لەگەڵ دوو قاش هەنجیر بە گەدەی بەتاڵ، دەرەنجامێكی خێرای هەیە.
4.میوە و سەوزە
لە ژەمە خۆراكەكاندا دەكرێت پشت ببەسترێت بە جۆرەكانی زەڵاتە، لەو شێوازەی میوە و سەوزەی تێدەكرێت هۆكارێك دەبێت بۆ دابەزینی كێشی لەش لە ماوەیەكی دیاریكراو و خێرا.
5.سەرچاوە جیاوازەكانی پرۆتین
خواردنی پرۆتین بە رێژەیەكی زۆر وەك هێلكە، پاقلەمەنی و فاسۆلیا؛ ماسولكەكان و چالاكیی جەستەیی بەهێزتردەكات و هەستی تێری دەبەخشێت، بەو شێوەیە لە رۆژەكەدا كەمتر هەست و ویست بۆ خواردن دەبێت.
6.شەربەتە سروشتییەكان
تەندروستكاران ئامۆژگاریمان دەكەن لە ژەمە خۆراكەكانمان هەندێك لە شەربەت و ئاومیوە سروشتییەكان هەبێت، بەتایبەت خواردنەوەی شەربەتی پرتەقاڵ و سێو پێش ژەمی بەیانیان سوودێكی زۆری دەبێت بۆ جەستە.
7.ناوك و تۆو
تۆوی گوڵەبەرۆژە و ناوكە كولەكە بە تایبەتی و بە شێوەیەكی گشتیش هاوشێوەكانیان لە ژەمی بەیانیاندا، لەلایەن تەندروستكارانەوە پێشنیاركراوە بەمەبەستی دابەزاندنی كێشی جەستە.
8.خواردن لە دەرەوەی ماڵ
ئەگەر ناچاربوویت لە دەرەوەی ماڵ نان بخۆیت، پێویستە دووربكەویتەوە لە خواردنە لێنراو و سوورەوەكراوەكان لە ژەمەكان و زەڵاتەدا و لەبری ئەوانە بابەتی تەندروست وەك "پەنیر و سۆیا" و هاوشێوەكانی بخۆیت.
9.خواردنی پاش 7ی ئێوارە
شارەزایانی بواری تەندروستی دەڵێن پێویستە پاش كاتژمیر 7ی ئێوارە دووربكەوینەوە لە خواردن، ئەگەر پاش ئەو كاتەش هەستمان بە برسییەتی كرد دەكرێت چای سەوز یان رێژەیەكی كەم لە چەرەسات بخۆین.
10.وەرزش
بۆ دەرەنجامێكی خێرا لە هەوڵەكانی دابەزاندنی كێشی جەستە، پێویستە لەگەڵ سیستمێكی تەندروست بۆ خواردن هەر جۆرێك لە وەرزش ئەنجامبدرێت، یاخود رۆژانە رۆیشتن بە پێ بۆ ماوەی 20 خولەك.
ژ.ع