تەندروستی

ئاگاداربە.. ئەمانە نیشانەن بۆ شێرپەنجەی مەمك

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاگاداربە.. ئەمانە نیشانەن بۆ شێرپەنجەی مەمك
مەودا میدیا-

شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لە نەخۆشییە بەرفراوانەكانی سەرتاسەری جیهان كە زیاتر خانمان تووشی دەبن، بەپێی داتاكان لە كۆی هەشت خانم لە جیهاندا یەكێكیان ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمك هەیە لە قۆناغێكی تەمەنیدا.

وێڕای ئەوەی لە هەر تەمەنێكدا دەكرێت شێرپەنجەی مەمك رووبەڕووی خانمان ببێتەوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە خانمانی تەمەن سەروو 50 ساڵ بەربڵاوترە.

شێرپەنجەی مەمك نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی ئەوەی خانەكانی مەمك بە شێوەیەكی نائاسایی گەشەدەكەن و لە كۆنترۆڵ دەردەچن، چەند جۆرێكی ئەم شێرپەنجەیە هەیە و پەیوەستە بە جۆری ئەو خانەیەی گەشەكردنە نائاساییەكەی تێدا روودەدات.

ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە خانمان و پیاوانیشدا هەیە، بەڵام بەپێی داتاسەنتەری جیهان، لە بەرامبەر هەر 122 تووشبوویەكی مێ، یەك نێر تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی چارەسەری شێرپەنجەی مەمك بریتییە لە زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە، بەو هۆیەوە پێویستە ئاگاداربیت لە نیشانە سەرەتاییەكانی ئەو نەخۆشییە بەمەبەستی زوو چارەسەركردنی.

نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك


1. گۆڕانكاریی لە شێوە یان قەبارەی مەمك
ئەگەر بە شێوەیەكی ئاسایی و هەر لە سەرەتاوە ئەو حاڵەتە نەبێت، وەك جیاوازییەكی بەرچاو لە شێوە یان قەبارەدا، یاخود شێواوی لە بەشەكانی مەمك.

2. دروستبوونی لوو یان گرێ
هەرچەندە هەموو گرێیەك جێی مەترسی نییە، بەڵام دروستبوونی لوو/ گرێی نائاسایی یاخود هەڵئاوسانی مەمك  یان ژێرباڵەكان، یەكێكە لەو هۆكارانەی پێویستە مامۆگرافی و پشكنینی بۆ ئەنجامبدرێت. 

3.گۆڕانی پێست
بۆ نموونە پێستی مەمك سووربێتەوە، هەڵاوسانی تووشبێت یاخود بخورێت و هەستیاربێت، ئەمانە پێویستە هۆكارەكانیان دەستنیشان بكرێت.

4.دەرچوونی مادەی شل لە گۆی مەمك
بەتایبەت ئەگەر خانمێك دووگیان نەبێت یاخود كۆرپەی شیرەخۆرەی نەبێت، دەرچووی جیاوازی هاوشێوەی خوێن، یان بێرەنگ و هاوشێوەی هەوكردن لە گۆی مەمك هەبێت لە یەكێك یان هەردوو مەمكدا، پێویستی بە دڵنیابوونەوە هەیە.

5.گۆڕانی شوێنی گۆی مەمك
ئەگەر گۆی مەمك شوێنەكەی لە كاتی ئاسایی جیاوازتر بوو، وەك چوونەوە ناو مەمك یاخود كەوتنە لایەكی جیاواز، یاخود رەنگ و شێوەكەی گۆڕدرا، دەبێت هۆكارەكەی دەستنیشان بكرێت.

6.هەبوونی ئازار
دەكرێت ئازارەكە كەم یان زۆر بێت، بە شێوەیەكی گشتی ئازار بە هۆی شێرپەنجەوە بەردەوامە و ناو بە ناو نییە.


ئەگەر هەستت بە ئەم نیشانانە كرد، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەیت بەمەبەستی پشكنین و دەستنیشانكردنی دۆخەكە، ئەو كارە هاوكارێكی باش دەبێت لە زوو كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە و زاڵبوون بەسەریدا.



بە هیوای تەندروستییەكی باش..

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan