تەندروستی

ئایا زانیوتە زۆر خواردنی خوێ تووشی نەخۆشی شەکرەت دەکات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئایا زانیوتە زۆر خواردنی خوێ تووشی نەخۆشی شەکرەت دەکات؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئایا باوەڕت بەوە هەیە کە زیادکردنی خوێ بۆ خۆراک بە شێوەیەکی رێکوپێک رەنگە ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم زیاد بکات، توێژینەوەیەکی نوێ کە لە رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە باس لەم بابەتە دەکات و دەڵێت:

داتاکانی زیاتر لە 400 هەزار کەسی پێگەیشتوو لە بەریتانیا دەریدەخەن ئەوانەی زۆرترین خوێیان خواردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بە رێژەی 39% زیاترە لە چاو ئەوانەی کە بە دەگمەن خوێ بەکاردەهێنن.

نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، پرۆفیسۆر لو چی، لە سکوڵی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی تولان لە ئەمەریکا، دەڵێت: پێشتر دەمانزانی کە سنووردارکردنی خوێ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەڵام ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات بۆ یەکەمجار نەهێشتنی خوێ لەسەر مێزی خواردن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رێگریکردن لە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بە هەمان شێوە.

توێژەران سەیری داتای 402 هەزار و 982 داواکاریان کردووە کە تەمەنیان لە نێوان 37 بۆ 73 ساڵیدایە لە بایۆبانکی بەریتانیا کە بنکەیەکی زانیارییە ئۆنلاینەکانی تۆماری پزیشکی و شێوازی ژیانی نیو ملیۆن بەریتانییە، پرسیارنامەکان بەکارهێنران بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە چەندجار خوێیان بۆ خواردنەکانیان زیاد کردووە، بەڵام خوێی بەکارهێنراویان لە چێشت لێناندا نەبووە.

توێژەران چەند هۆکارێکیان لەبەرچاو گرتووە کە بریتین لە تەمەن، رەگەز، نەتەوە، تایبەتمەندی جەستەیی، لەوانە باڵا، کێش و دەوری شان، جگەرەکێشان، خواردنەوە، ئاستی چالاکیی جەستەیی، داهات و ئاستی خوێندن، لە ماوەی بەدواداچوونەکەدا کە نزیکەی 12 ساڵ بوو، زیاتر لە 13 هەزار کەس تووشی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بوون.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی رایانگەیاندووە کە خوێیان بۆ خۆراکەکانیان زیادکردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بە رێژەی 13%، 20% و 39% زیاترە بەراورد بەوانەی کە "هەرگیز .” یان "بە دەگمەن" خوێیان بۆ خواردنەکانیان زیادکردووە.

تیمەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی خواردنی بڕێکی زۆر خوێ پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە هەیە، بەڵام پرۆفیسۆر چی پێی وایە زیادکردنی خوێ بۆ خۆراک رەنگە هانی خەڵک بدات بۆ خواردنی بڕێکی زۆرتر، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک قەڵەوی و هەوکردن زیاد دەکات.

ئاماژه ی بەوەشداوە، وەک لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەگەری زیاتری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی چەوری لەش کە پەیوەندی بە زیادکردنی خوێ بۆ خۆراکەکانەوە هەیە، هەروەها توێژینەوەکانی پێشووتر دەریانخستووە کە خواردنی خوێ پەیوەندی هەیە بە پەستانی خوێنی نائاسایی و هەوکردن، ئەمەش رەنگە بەشداربێت لە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە.

بۆیە توێژەران ئامۆژگاری زیادکردنی گیا و بەهاراتی جیاواز دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی تامەکانی ناو خواردنەکە لەبری زیادکردنی خوێ، هەروەها پسپۆڕانی تەندروستی پێشنیازی ئەوە دەکەن کە گەورەکان لە رۆژێکدا لە شەش گرام واتە (نزیکەی کەوچکێکی چا) زیاتر خوێ نەخۆن.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد