گشتی

كامێرا یان ئاوێنە بە راستی شێوەی خۆمان پێدەڵێن؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


كامێرا یان ئاوێنە بە راستی شێوەی خۆمان پێدەڵێن؟
مەودا میدیا-


بابەتی وێنەی كامێرا یاخود ئاوێنە، مشتومڕێكە بەردەوام قسەی لەسەردەكرێت، چونكە كاتێك تەماشای وێنەكانمان لە كامێرای مۆبایلەكانمان دەكەین، جیاوازیی زۆرە لەگەڵ رەنگدانەوەمان لە ئاوێنە، ئەمە بۆچی؟

هەرگیز لە خۆت پرسیوە وێنەی كامێرا راستەقینەیە یاخود ئاوێنە؟ ئەم پرسیارە لە سەرتاسەری جیهان بەكارهێنەرانی مۆبایلی زیرەك و كامێراكان لە خۆیانی دەكەن، وەڵامەكەشی بە شێوەیەكی زانستی بەم شێوەیەیە؛


وێنەی ئاوێنەكان

لە ئاوێنەكاندا پرۆسەی رووناكیدانەوە وێنەكانی ئێمە دروستدەكات بەڵام وێنەیەك راست و چەپ پێچەوانەدەكاتەوە، ئێمە بەهۆی ئەوەی لە منداڵییەوە بە ئاوێنەكان ئاشناین و زۆرترینی كاتەكان لەو رێگەیەوە خۆمان دەبینین، كاریگەرییەكی زۆریان هەیە لەسەر روانگەمان بۆ شێوەی خۆمان و بەو شێوەیەی خۆمان رادێین كە لە ئاوێنەدا دەیبینین.

لەگەڵ ئەوەشدا، مەرج نییە ئاوێنەكان شێوەی راستەقینەی خۆمان پیشانبدەن، چونكە ئاوێنەكان بەتایبەتی ئاوێنە رووتەختەكان كەمێك پەرتبوونی لە تیشكەكاندا تێدایە دەبێتە هۆی ئەوەی دیمەنی راستەقینەمان لە وێنەی ئاوێنەكەدا كەمێك بگۆڕدرێت، بۆ نموونە قەڵەوتر، لاوازتر، درێژتر یان كورتتر دەربكەوین.

وێنەی كامێراكان

جیاواز لە ئاوێنەكان، كامێرا هاوێنەی هەیە بۆ چڕكردنەوەی تیشكەكانی رووناكی لەسەر بزوێنەری كامێراكە و بەوەش وێنەیەكی دیجیتاڵی دەچركێنێت، لەو پرۆسەیەشدا گۆشە جیاوازەكانی وێنەكە، رووناكی چواردەور و دۆخە جیاوازەكانی دیكە لێكدەداتەوە.

سەرجەم ئەوانەش بەو واتایە نایەن وێنەی كامێرا بەتەواوی روخسار و شێوەی راستەقینەی خۆمان دەربخات، چونكە بە گشتی وێنەی كامێرا دوو رەهەندییە و دەكرێت بەوهۆیەوە زۆر وردەكاریی دەرنەخات، بەدەر لەوەی كوالیتی كامێرا و ئەو مۆبایلەی وێنەی پێدەگرین كاریگەرییەكی بەرچاوی هەیە لەسەر وێنەكە، یاخود هاوێنەی كامێرای پێشەوە و دواوەی مۆبایلەكان كە هەریەكێكیان بۆ مەبەستێك گونجاوە بەكاربهێندرێن.


بەراوردكردنی ئاوێنە و كامێرا

بەهۆی ئەوەی چاومان زیاتر بە ئاوێنە راهاتووە، كاتێك بەراوردی دەكەین لەگەڵ كامێرا پێمانوایە وێنەكەی راستەقینەترە، بۆیە ئاوێنەكان ئەو وێنەیەمان پیشاندەدەن كە لە روانگەی خۆمانەوە گونجاوە.

لەلایەكی دیكەوە چاوی كامێراكان ئەو وێنەیەمان پیشاندەدەن كە خەڵك بەو شێوەیە دەمانبینێت، چونكە رەنگدانەوەی تیشك نییە و كاریگەریی ژینگەی چواردەوریان تێدایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین، وێنەی هەموو كامێرایەك بەتەواوی دیمەنی راستەقینەی خۆمان دەرناخەن بەهۆی كوالیتییە جیاوازەكانیانەوە.

گۆشەی چركاندنی وێنەكانیش بە هەمانشێوە كاریگەرییان هەیە، چونكە بۆ بەدەستهێنانی وێنەیەكی نموونەیی و دانانی لە ئینستاگرامەكەت چەندینجار وێنەی هاوشێوە دەچركێنیت هەتا وێنە دڵخوازەكەت بەدەستدەهێنیت.

 
ژ.ع  

Qaiwan
Qaiwan