عیراقی

بە نووسراوی فەرمی كۆتایی بە ئەندامییەتی حەلبوسی لە پەرلەمان هێندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بە نووسراوی فەرمی كۆتایی بە ئەندامییەتی حەلبوسی لە پەرلەمان هێندرا
مەودا میدیا-

پاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پۆستەكەی و وەك ئەندام پەرلەمانیش، ئەمڕۆ بە فەرمی بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

بە نووسراوێكی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عیراق كە رێكەوتی 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی لەسەرە و تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ژمارە 9ی فیدراڵیی ساڵی 2023" كۆتایی بە ئەندامییەتی محەمەد رێكان حەدید حەلبوسی هێندرا. 

ئاماژە بەوەشكراوە، لە رێكەوتی 14ی تشرینی دووەمی 2022ەوە ئەو بڕیارە كارپێكراوە و حەلبوسی لە ئەندامییەتیی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عیراق دوورخراوەتەوە.

نووسراوەكە واژۆی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومی نوێنەرانی عیراقی لەسەرە و بە بڕیاری ژمارە 308ی پەرلەمانی عیراق هەژمارە.

ئەمڕۆش ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی بڵاوكردەوە و یەكەمین كاریش هەڵبژاردنی كەسێك دەبێت بۆ شوێنە بەتاڵەكەی محەمەد حەلبوسی.

هەفتەیەك لەمەوبەر رۆژی سێشەممە، لەسەر سكاڵای پەرلەمانتار لەیس دلێمی، دادگای فیدراڵیی عیراق بڕیاریدا بە كۆتاییهێنان بە ئەندامییەتیی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عیراق، كە لە هەمانكاتدا سەرۆكی پەرلەمان بوو.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan