زوڵفان غەریب

زوڵفان غەریب

پەروەردەی خێزانی؛ گرفتەکانی و گرنگی زوو چارەسەرکردنی کێشەکانی

 بەشێوەیەكی گشتی مرۆڤ لە دوای چاوهەڵهێنان بە دنیا، دەچێتە ناو پەروەردەیەك ‌و وەك مۆركێك لەناو خێزان لەگەڵ خۆیدا هەڵیدەگرێت، لەگەڵ قۆناغەكانی گەشەكردندا زۆرەهایەك لەو پەروەردەیە لە ئاكار ‌و رەفتاریدا رەنگدەداتەوە ‌و بەشێوازێكی تایبەت بەخۆی دەناسرێتەوە، بەڵام هەندێك جاریش ئەندامەكانی خێزان مەرج نییە بیركردنەوە ‌و ئاكار ‌و رەفتاریان وەكو یەك بێت، چونکە لە قۆناغەكانی تێكەڵابوون بە كۆمەڵگەدا گۆڕانكاریی لە پەروەردە‌ و بیركردنەوەیاندا دروست دەبێت‌ و ململانێیەك لە پەروەردەی دەرەكی‌ و ناوەكیی كەسەكاندا دروست دەبێت. 

كاتێك مرۆڤ حەز بە تێكەڵابوون دەكات‌ و هەندێكجار بۆ گەیشتن بە ئاستێك كە جیاوازتربێت لە ئەندامانی خێزان لە دەروونی خۆیدا تووشی جۆرێك لە كاردانەوە دەبێت و ناتوانێت كۆنترۆڵی خۆی بكات، بەوەش تووشی ململانێ‌ لەگەڵ خوودی خۆی دەبێت ‌و هەندێكجاریش هەوڵدەدات رای خۆی بسەپێنێ ‌‌و كۆنترۆڵی ئەندامانی خێزان بكات. 

ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا لەسەری بدوێین گرنگیی هەڵسوكەوتە لەناو خێزان كە گفتوگۆكردن‌ و لەیەكتر تێگەیشتنە، بەداخەوە لەئێستادا كاتەكانی مرۆڤ هێندە خێرا گوزەردەكەن لەناو خێزانێكی بچووكیش ژیانی ئاسایی گۆڕاوە بەتایبەت بەشێك لە گەنجەكان بە كچ ‌و كوڕەوە كەمتر هەوڵدەدەن تێكەڵ بە خێزان ببن، بەمەش هەندێكجار هەوڵ دەدەن كێشە ‌و گیروگرفتەكانیان لە دەرەوەی خێزان چارەسەربكەن بەمەش كەسانی تر دێنە ناوەوە ‌و لەوانەیە تووندوتیژی ‌و تاوانی لێ بكەوێتەوە ‌و هۆكارەكەشی ئەوەیە كە كەسەكان لە دەرەوەی خێزان كۆنترۆڵ دەكرێن. 

كێشەكە بەوەش زیاتر ئاڵۆز دەبێت كاتێك كە بەهۆی ئامێری پەیوەندیكردنەوە كوڕان ‌و كچەكانمان تووشی گرفتێك دەبن‌ و ناتوانن لەناو خێزاندا باسی بكەن‌ و زۆربەی كات تاوانیان بەرانبەر دەكرێت ‌و دەبنە قوربانی، كوڕەكانیشمان وەك نێچیر باند ‌و ئامرازی دەستی مرۆڤە خراپەكار بەكاردەهێنرێت بۆ بە نێچیرگرتنی كچان ‌و جۆرێك لە بازرگانیكردن پێیانەوە. 

بەمەش سەرئەنجام كچ‌ و كوڕ هەردووكیان دەبنە قوربانی ئەو رەفتارە دزێوانە‌ و ناچاردەكرێن بۆ ئەنجامدانی جۆرەها رەفتاری قێزەون، بەوەش لە دەرەوەی خێزان ژیانیان دەشێوێنرێت ‌و دەبنە كۆیلەی كارە ناپەسندەكانیان ‌و بەئاسانی رزگار ناكرێن، لەبەرئەوە دەبێت هەركاتێك هەست بە جموجووڵی گوماناوی ‌و ناڕوونی منداڵەكانمان دەكەین دەبێت بە وریایی ‌و دڵنەواییەوە لەگەڵیان بدوێین‌ و وەكو هاوڕێیەكی خۆیان لێیان نزیكببینەوە‌ و بە ئارامی‌ و ناڕاستەوخۆ هەوڵ بدەین ئەوەی لێی دەترسن باسی بكەن‌ و كێشەكانیان بخەنەڕوو بۆمان، كاتێكیش قسەیان بۆ كردین دڵنیایان بكەینەوە كە لێیان زوویر نابین ‌و بەوجۆرەی گونجاوە چارەسەر بۆ كێشەكانیان دەدۆزینەوە. 

خ.غ 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan