زوڵفان غەریب

زوڵفان غەریب

ئابووریی سەربەخۆ ‌و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێشكەوتنی ژن

ناكرێت لە هەڵمەتی (16) رۆژەی چالاكیی رووبەڕووبوونەوەی تووند‌وتیژیی دژی ژناندا، باس لە گرنگیی بەهێزكردنی ئابووری لە پێگەی ژندا نەكەین. بارودۆخی ئابووری و قسەكردن لەسەری ‌و تاوتوێكردنی زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا لەسەری بدوێین ئەوەیە كە دەبێت لەمەودوا ژنان خاوەنی دارایی خۆیان بن ‌و خاوەندارێتی پرۆژەی ئابووریی سەربەخۆ بكەن‌ و لە سەرجەم سێكتەرەكاندا رۆڵی خۆیان ببینن.

لەبەرئەوەی ئابووری كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تووند‌وتیژی ‌و هوشیاری كۆمەڵگە هەیە و بەپێی سەردەمەكان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە ‌و دەكرێت لێرەدا گرنگی ئابووری بۆ ژنان تیشكی زیاتری بخرێتەسەر لە سەرجەم چالاكییەكاندا، بێگومان دروستبوونی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران بۆ تاكەكان یەكێكە لە پێوەرە هەرە گرنگەكانی توانای ئابووری‌ و هێزی كارە، ئەمەش بەبێ رۆڵی ژنان بەشێوەیەكی سەركەوتووانە نایەتەدی.

ئەگەر ئاوڕێك لە كۆمەڵگەی كوردەواری بدەینەوە نابێت رۆڵی ژنان نادیدە بگرین، چونکە هەر لە كۆنەوە ژنانی كورد لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵدا كاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لە پەیداكردنی بژێوی و داهاتی خێزانەکانیاندا، بەڵام كەمبوون ئەو ژنانەی خاوەن كارگە ‌و سەرمایەی کەسی و تایبەتیی خۆیان بن یان كەسی یەكەم نەبوون لە بەدەستهێنانی دەرامەت ‌و داهات‌ و خاوەندارێتیی هۆیەكانی بەرهەمهێناندا.

لە سەردەمی ئێستادا هەلی زیاتر بۆ ژنان رەخساوە كە لە سێكتەرەكانی جیاوازەکانی ئابووریی كۆمەڵگەدا كاربكەن‌ و خاوەندارێتیی دارایی خۆیان بەدەستبهێنن ‌و ببنە خاوەن سەرمایە ‌و پرۆژە ‌و داهات.

ئەگەر سەیری ئابووریی جیهان بكەین دەبینین دەوڵەتێكی زلهێزی جیهانی وەكو ئەمەریكا خاوەنی زۆرترین پرۆژەی بچووكە ‌و ژمارەی پرۆژە بچووكەكانیان بە رێژەی (99%) ‌و بگرە زیاتریش لە كۆی هەموو پرۆژەكانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ململانێكان لە جیهاندا بۆ بەدەستهێنانی هەلی كاری زیاتر بۆ ژنان لەو بوارەدا لە پێشبڕكێدایە.

لەبەرئەوە پێویستە ئێمەش بەسوودوەرگرتن لە بەرنامە ‌و ئەجێندای چالاكییە ئابوورییەكانی جیهان، هێزی كاری ژنان بە گوژمتر بكەین‌ و خەبات بكەین لەپێناوی بەدەستهێنانی هەلی كاری زیاتر بۆ ژنان بەگشتی ‌و هاندانیشیان بۆ دامەزراندنی پرۆژەی وەبەرهێنانی بچووك ‌و مام ناوەند ‌و گەورە، لەبەرئەوەی ژنان لەو بوارەدا چالاكترین ‌و بەتواناترین كەرتی کۆمەڵگەکەمانن.


خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan