زوڵفان غەریب

زوڵفان غەریب

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

خوشکە نەسرین ئەو تەوارەی ناوەکەشی وەکو گوڵێکی سپی شاخەکانی کوردستان لە لاپەڕەی مێژووی کورد بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە، ئەم تەوارە شۆڕشگێڕە ناوی (هێلین کرد لیچ)ە و لە ساڵێ ( ١٩٣٤) لە پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیا لەدایکبووە، هێشتا زۆر منداڵ بوو کە دایک و باوکی لە یەک جیابوونەوە لە تەمەنی (٦) ساڵیدا دایکی کوژراوە و باوکی گرنگیی پێنەداوە و لە هەتیووخانە دایناوە.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی کە کۆمۆنیستەکان لە چیکۆسلۆڤاکیا دەسەڵاتیان گرتەدەست و هاتنە سەر حوکم، ئەوکاتە ئەم خاتوونە لە زانکۆ وەرگیرا و قەدەر ئەم کچە ئەوروپییە بە کوڕە کوردێکی شۆڕشگێڕ دەناسێنێت، لە ساڵی ( ١٩٥٢ ) لە ئاهەنگێکدا یەکتر دەناسن و عاشقی یەکتر دەبن لەو کاتەدا دکتۆر قاسملۆ (٢٠) ساڵ و خاتوون هێلین ( ١٧ ) ساڵان بوون، دوای ماوەیەکی کەم ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنن و دەبنە خاوەنی ( ٢ ) کچی نازدار بە ناوەکانی ( مینا ) و ( هیوا )، لەماوەی ( ٣٨ )ساڵ ژیانی          بە یەکەوەبوونیان لە خۆشی و ناخۆشی بەیەکەوە هاوبەش دەبن و چارەنووسی خۆی لەگەڵ چارەنووسی گەلی کورد گرێ دەدەن و لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی کورد ژیان دەکەن لە ژیانی ئاوارەیی خۆشاردنەوەدا هاوڕێ و هاوکار و هاوسەری شەهید قاسلمۆ بوو، خاوەنی فکر و بیر و بۆچوونی خۆی بوو ، خاوەنی بیرێکی دیموکراتی بەهێز بوو لە دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەشی هەر بەردەوام بوو وەفای بۆ کورد و قاسملۆ لە ئاستێکی بەرزدا بوو، ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین ئەم تەوارە بەرزەفڕە ناوێکی بەرزە لە شۆڕشگێڕێتی و خەباتکردندا لە ناو گەلێکی ستەملێکراوی وەکو گەلی کورد.

ئەوکاتەی کە دکتۆر قاسملۆ بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ ئێران، خوشکە نەسرینیش بێ دوودڵی هاوسەفەری هاوسەرە شۆڕشگێڕەکەی دەبێت و لە تاڵی و شیرینی بەشداری لەگەڵدا بکات، ئەمەش قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ئاوارەیی و خۆشاردنەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ خانەوادەی دکتۆر قاسملۆ دەستپێدەکات، دوای ماوەەیەک لەگەڵ دوو کچەکەی بە ناوەکانی (مینا) و (هیوا) بە قاچاخ دێنە باشووری کوردستان و ماوەیەک لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبن و دواتر بۆ بەغدا بەڕێدەکەون و لە شوێنی نهێنی خۆیان دەشارنەوە و کاتێک لە شوێنی مانەوەی کە خۆیان لێ شاردبووەوە لەگەڵ سێ گەنج، یەکێکیان رەوانشاد جەنابی سەرۆک مام جلال دەبێت لەم کاتەدا خاتوو (هێلین) پێویستە ناوێکی خوازراوی هەبێت بۆ ئەمەش سەرۆک مام جلال پێی دەڵێت ناوی تۆ نەسرینە، ئەم ناوەش واتا گوڵێکی سپییە کە لە شاخەکان دەڕوێت، هەر ئەم ناونانەی جەنابی مام جلال بوو بۆ خاتوو نەسرین قاسملۆ هەتا ئێستاش کە پێی دەناسرێتەوە.

دوای ساڵی ( 1958 ) کاتێک کە دکتۆر قاسملۆ دێتە باشووری کوردستان بۆ درێژەدان بە خەباتکردن دواتریش بۆ بەغدا لەساڵی ( 1959 – 1960 )، خوشکە نەسرین لە وەزارەتی نیشتەجێکردن کاردەکات، بەڵام زۆر ناخەیەنێت روودەکەنەوە شاری پراگ و بەڵام لەوێشەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ساڵی ( ١٩٧٠ ) دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملۆ لە وەزارەتی پلاندانان کاردەکات و لەهەمانکاتیشدا وەکو سکرتێری گشیتی حزبی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێردرێت دواتریش دەگەڕێنەوە پراگ و بەهۆی گوشاری پۆلیسـی چیکوسلۆڤاکیا روودەکەنە پاریس و لەوێ نیشتەجێ دەبن دوو کچەکەشیان روو دەکەنە وڵاتی سوید و لەوێ نیشتەجێ دەبن، بەڵام ئەم تەوارە لەدوای رووخانی رژێمی پاشایەتی دەگەڕێتەوە کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ژیان دەکات و بۆ ماوەیەک بەتەنیا دەبێت، دوای جیابوونەوەی لە دکتۆر قاسملۆ دەگەڕێتەوە پاریس، خاتوو نەسرین قاسملۆ کتێبێك بە ناوی ئەوروپییەک لە وڵاتی کورداندا دەنووسێت و بە زمانی فـەرەنسی باس لە یەکەم ناسینی خۆی لەگەڵ دکتۆر قاسملۆ و ژیانی هاوسەریان دەکات و یادەوەرییە و چالاکییە سیاسییەکانی لە سەردەمی شۆڕش و دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەکات و وە سوپاسنامەیەک بۆ تێکۆشەرانی دیموکراتی بڵاو کردەوە کە لەشارەکانی شنۆ و ورمێ چاپ و بڵاوکردەوە،  خوشکە نەسرین لە سوپاسنامەکە روودەکاتە تێکۆشەرانی دیموکرات لەنێو خۆی وڵات ئەمەش دەقی سوپاسنامەکەیەتی:

( وێرای سوپاس و پێزانینم بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو پەرتووکە و دەستخۆشی و ماندوو نەبوون، هیوادارم ئاگاداری خۆتان بن نەکەونە بەر رق و قینی دڕندانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی. ئاگاداری خۆتان بن نامەوێت بەهۆی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم پەرتووکە تووشی خەسارەت بن دڵم لە لاتانە هیوادارم سەرکەوتوو بن). 

نەسرین قاسملۆ 

11/3/2018 

پاریس 

 بەداخەوە کاتێک خاتوو نەسرین لە پاریس بوو هاوڕێیەکی هەواڵی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملۆی پێی راگەیاند لە ( ١٣ تەموز 1989 ) لە شوێنی حەوانەوەی لە ڤیەننا شەهیدکراوە، دکتۆر قاسملۆ سەرکردەیەکی شۆڕشگێر لە هزری هەر تاکێکی کورد ماوەتەوە لە ساڵی ( 1990 ) خاتوو نەسرین رێ و شوێنی یاسایی دژی حکومەتی ڤیەننا دەگرێتەبەر، بەڵام لە دوای دوو ساڵ بەداخەوە داواکەی رەتکرایەوە. 

خاتوو دانیاڵ میتەران هاوڕێیەکی نزیکی دکتۆر قاسملۆ بوو لە کاتی شەهیدبوونی قاسملۆ وتی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ڤیەننا وەکو باڵیۆزخانەی کورد خزمەت دەکات و تەرمی شەهید دکتۆر قاسملۆ گواستەوە بۆ فەرەنسا و لەوێش بە خاک سپێردرا.

لە ( 10 ئازاری 2023 ) ئەم تەوارە بەرزە فڕە لە تەمەنی ( ٨٩ ) ساڵێدا کۆچی دوایی کرد لە کاتی کۆچ کردنیشیدا رێزلێنانیان لەلایەن شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵات بۆ کراوە، بەڵام هەر چیەک بکرێت بۆ ئەم تەوارە هێشتا کەمە، چونکە خوشکە نەسرین زۆربەی ژیانی بۆ بەرگریکردن لە مافی کورد لە ئەوروپا و کوردستان تەرخان کردبوو یاد و یادەوەری لە ناو هزری هەر تاکێکی کورد دەمێنێتەوە لە لاپەرەکانی مێژووی شۆڕشگێری کوردا بەرز دەنرخێندرێت.


خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan