زوڵفان غەریب
جەختكردنەوە لەسەر ئیرادەی سروشتیمان
لە هەندێك لە قۆناغەكانی ژیان، مرۆڤەكان كاردانەوە لە هەڵسوكەوتیان دەنوێنن كە دوورە لە واقیعی سروشتیی خۆیان، ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا لەسەری بدوێین ئەوەیە کەوا پێویستە ژنان جەخت لەسەر ئیرادەی توانای خۆیان بكەنەوە لە بوارە جیاجیاكاندا، چونكە هەندێك لە نواندنی ئاكار و رەفتار توانایان لاواز نیشان دەدات، لێرەدا مەبەست لەوەدا نییە كە كۆمەڵگەی كوردی دژی لەدایكبوونی سیستمی نوێی جیهان بێت، چونكە كۆمەڵگەی كوردی بنەماكانی پێشكەوتنی لە پەروەردەدا هەیە، ژنانیش بەشێكی بنەڕەتی لە جوانیی پەروەردە و پێشكەوتن و خەبات و چالاكیی ژنان لە پەرەسەندندایە، بەڵام كاتێك لە تۆڕەكانی سۆشیاڵ میدیا لە بوارەكانی هونەری یان هەر بوارێكی تر بەدی دەكرێت كە بەشێك لەو خاتونانی نێو كاری هونەری ئاكار و رەفتاریان بە لاواز نمایش دەكرێت.
بەڵام كاتێك هەندێك رەفتار و نواندنیان پێ دەكرێت و بە لاواز كەسایەتییان پێناسە دەكرێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژگاریشدا پەشیمانی نیشان دەدەن، چونكە دوای ماوەیەك تێدەگەن كە بەكارهێنراون، سەرئەنجام پەروەردەیەكی لاواز لە كۆمەڵگە دوور لە بەهاكانی كوردی بەجێ دەمێنێ.
لە ماوەی چاودێرییكردنم لە تۆڕەكانی سۆشیاڵ میدیا، ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنجم هەندێكجار دەبینم بەتایبەت كاتێك خاتونان چالاكیی هونەری دەنوێنن لەگەڵ هەندێك لە ئاوازدانەر یان سپۆنسەرەكانیان، دوای ماوەیەك پەشیمانی نیشان دەدەن، بەمەش بەدەر لە سروشتی ئیرادەیان نواندیان پێكراوە یان بیركردنەوەیان درووست نەبووە.
سۆشیاڵ میدیا ئامرازێكی خێرایە بۆ دەرخستن و كاركردن و ناوبانگ ئەگەر بەشێوەیەكی دروست بەكاربهێنرێت، بەڵام ئەگەر پێچەوانەبن كەسایەتی دەشێوێنێ و دەبێتە هۆكاری توندوتیژی بەرانبەر رەگەزی مێینە، هەندێكجاریش ژنان بەرەو مەرگ و گۆڕستانی بێ ناونیشان دەبات و ئەركی بزووتنەوەی ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگە كار لەسەر رۆشنبیری كردنەوەی تاكەكان زیاتر بكەن و سنوور لەبەردەم هەندێك كاری نەخوازراو دیاری بكەن، چونكە دەرئەنجام كۆمەڵگەیەك لە پەروەردەكردن باجەكەی دەدات.
خ.غ