زوڵفان غەریب
هێرۆخان؛ چاو و ویژدانی شۆڕش
باسکردن و نووسین لەسەر سیمبولێکی وەکو هێرۆخان زۆر ئەستەمە، چونکە ئەو سیمبولی تێکۆشان و خەباتی شۆڕشگێڕانە و سەرمەشقی رابەرێتییە بۆ ژنانی کورد و شۆڕشگێڕان. کەسایەتیی بەرزی ئەم تەوارە خەباتگێڕە وەکو چیایەکی سەخت لەبەردەم ئاڵنگارییەکانی سەردەمی شۆڕش وەستایەوە و نەسرەوت هەتاوەکو شۆڕش سەرکەوت. ئەو هەمیشە وەکو هەر پێشمەرگەیەکی ئاسایی دەژیا و هەر وەکو ئەوانیش بەگژ دوژمناندا دەچووەوە، لە ژیان و زیندەگی رۆژانەشیدا دەستبەرداری ژیانی خۆشگوزەرانی بوو، هەرگیزیش نەیویستوە وەکو شازادەیەک یان کەسێکی ئەرستۆکرات ژیان بگوزەرێنێت، بەڵکو چەشنی تەوارێکی بەرزەفڕ بەسەر چیاکانی کوردستانەوە و لە ناو بێشەڵانی تەڵاشە بەرد و خەرەند و ئەشکەوت و خانووە قوڕەکانی شۆڕشدا دەردەکەوت و بەردەوام وەکو قوتابخانەیەک دەبووە وانەی خەباتگێڕی و قارەمانیەتی و لەناو دەروونی پاڵەوانانی داستانەکانی مقاوەمەتدا بڵیسەیدەدا و رۆژگاریش هاتە پێشەوە کە ببێتە خانمی یەکەمی عێراق.
دادە هێرۆ لە خۆشەویستی خاک و گەلدا و بڕوابوونی بە دۆزی کوردایەتی بۆ ساتێکیش سڵی لە مردن نەکردووەتەوە و لە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەشدا خەونی گەورەی هەبوو و بە کامێراکەی دەستی مێژووی گەلێکی ستەمدیدە و شۆڕشگێڕی ئەرشیف کردووە و لە قوتابخانەی کوردایەتیدا وەکو گەوهەر سەرمایەیەکی گەورەی بۆ نیشتمان باربوو کردووە. لەناو بەڵگەنامە مێژووەییەکانیشدا لەگەڵ تۆمارکردنی داستانەکانی مقاوەمەت و شۆڕشگێڕی هەمیشە پاڵەوانەکانی رۆژگاری سەختی خەبات ئەدواند و ئەمەش دەبوو بە ورەیەکی پۆلاین لەناو شۆڕشگێڕاندا. ئەم سەرمایەیەی ئەرشیفی هێرۆخان بوو بە بناغەیەکی زیندووی پتەو بۆ ئەوەی لە دوای راپەرینیش میدیایەکی سەردەمیانەی پڕۆفیشناڵ بۆ نیشتمان دابمەزرێنێت، کە لەئێستادا هەردوو کەناڵی ( T.Vخاک و کوردسات) پرۆفیشناڵترین کەناڵی T.V و سەتەلایتی جیهانن و سەرکەوتووترین و بێلایەنەترینن.
هێرۆخان.. ئەو ژنە قارەمانە مەزنە هەمیشە لە مەیدانی خەباتدا بۆ ساتێکیش لە کۆڕی تێکۆشەرانی شار و شاخ دانەبڕاوە و لە دوا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلەکەشمان بە ڕێبەرێتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەو بەشێوازێکی مەدەنیانە لە بەرزترین لوتکەی مرۆڤایەتی دا جارێکیتر دەستی باڵای هەبوو لە پێشکەوتن و پاراستنی بناغەی حکومەتدارێتی کوردستان و مێژووی شۆڕش و بەڵگەبەندکردنی ناسۆر و ئازارەکانی ئەم گەلە. دیارترین بەڵگەش بۆ ئەو بابەتە پاراستنی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی و کردنی بە مۆزەخانەی نیشتمانی قارەمانەکانی کورد لە سلێمانی کە رەمزی ورەبەرزی پاڵەوانەکانی زیندانن..
هێرۆخان وەکو دایکێک منداڵپارێزی کوردستانی دامەزراند و سەنتەری گەنجان و خانەی بەساڵاچوان و لانەی پاراستنی ژنانی هەڕەشلێکراو لە شەڵتەرکان و هاوکاریکردنی هونەرمەندان و گەشەکردنی زانکۆکاندا دەستێکی باڵای هەبوو، هەموو کارێکی سەردەمیانە لە هەگبەی ئەم تەوارە بەرزەفڕەدا جێگەی هەبوو.
دادەهێرۆ لە ناو چیرۆکی منداڵانیش وەکو ئاسکی شار و شاخ وێناکراوە وئەوێ دەمێ منداڵانیش هەستیان دەکرد هەمیشە دایکێکی میهرەبانی وەکو دادە هێرۆیان هەیە.
هێرۆخان بەشێوەیەکی سەردەمیانە رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی سەردەم دەگرت و شێوەیەکی تەنز ئامێز لە گۆڤاری سیخورمەدا رەخنەگرێکی توند بوو لە حکومەت و دەسەڵات و هەوڵی دەدا پەلکێشیان بکات بۆ بەردەم دادگای ویژدانی خوێنەران.
هێرۆخان تەنها سیمبولی شۆڕش نەبوو، بەڵکو هەروەها لە ساڵی ( 2016) بە یەکێک لە کاریگەرترین ژنانی جیهان دەستنیشانکرا کە لە ریزبەندی پێشەوەی (100) ژنە کاریگەرەکەی جیهان بوو بە ژمارە ( 17 ). گۆڤاری ( SALT )ی ئەمەریکی ئەو ژنانە دیاری دەکات کە کاریگەرترین و گرنگترین ژنان لە جیهاندا، هەر ئەو گۆڤارەش بوو کە دادەهێرۆی وەکو داهێنەر و پارێزەری مرۆڤایەتی ناوزەد کرد و رێزی لێنا.
کادری ناودار و پێشمەرگەی دێرین کاک وریا برا خاس دەربارەی رۆڵی فرەڕەهەندی دادەهێرۆ دەڵێت: لە هەر شوێنێک شەڕی مقاوەمەت هەبووایە هێرۆخان بە خۆی و کامێراکەیەوە لەوێ حازر بوو، هێرۆخان دایکمان بوو، خوشک و رابەرمان بوو(.
خ.غ